پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان وەزیری گەنجینەو دارایی تورکیا و وەزیری دارایی ئەڵمانیا
وەزیری گەنجینەو دارایی تورکیا و وەزیری دارایی ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا بایکۆتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژ بە ئابووریی تورکیایان تاوتوێ کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە ئاژانسی فەرمیی ئەنادۆلی تورکیا ، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا و وەزیری دارایی ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا ئەو سزا و بایکۆتانەیان تاوتوێ کرد کە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە خراوەتەسەر تورکیا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرات بەیرەق وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا و ئۆڵاف شۆڵتس، وەزیری دارایی ئەڵمانیا لەو پەیوەندییەد تەلەفۆنییەدا کە رۆژی پێنجشەممە ئەنجامیان داو ئەو هەنگاوانەیان تاوتوێ کرد کە دژ بە ئابووریی تورکیا گیراونەتەبەر.
لەم پەیوەندییەدا تەلەفۆنییەدا هەردووک وەزیرەکە هاوڕابوونە لەسەر دەستکردن بە کاری هاوبەش بۆ هەنگاونان لە پێناو بەهێزکردنی هەماهەنگی و ڕێکخستنی ئابووریی لەنێوان ھەردووک وڵات دا.دوای سەپێندرانی سزای ئابووری لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بەسەر تورکیا حکومەتی ئەڵمانیا پشتیوانی بۆ حکومەتی ئەنقەرە دەربڕی، دوێنێ پێنجشەممەش ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەک لە حکومەتی ئەڵمانیاوە بڵاویکردەوە، حکومەتی وڵاتەکەی پێیوایە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەتوانێت هاوکاریی حکومەتی تورکیا بکات لەو قەیرانە داراییەی وا بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەی تورکیەوە رووبەڕووی بووەتەوە. سەرچاوەکەی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، "حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا لەوباوەڕەدایە کە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەتوانێت لەڕێگەی پرۆگرامێکەوە هاوکاری تورکیا بکات.
پێشتر بەرات بەیرەق، وەزیری گەنجینەو دارایی تورکیا رایگەیاندبوو کە ئەنقەرە هیچ پلانێکی نییە بۆ داواکردنی پشتیوانی لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ ئەو قەیرانە داراییەی بەهۆی دابەزینی بەهای دراوی وڵاتەکەیەوە رووبەڕووی بووەتەوە.
پەیوەندییەکانی دەوڵەتی ئانکاراو کۆشکی سپی کە بەرلەمەش لە بەر ھێندێک ھۆکاری وەک پشتگریی سەربازیی واشێنگتۆن لە شەڕڤانانی کوردی سووریاو نەخشەی ڕێگای منبەج، ڕادەست نەکردنەوەی فەتحوڵڵا گوێلەن کە تورکیا بەگەڵاڵەداڕێژی سەرەکیی کودەتا ناسەرکەوتووەکەی ١٥ی ژوولای٢٠١٦ی تورکیای دەزانێ و ھەروەھا ھەڕەشەی بایکۆت کردن لە بەر کڕینی سیستێمگەلی موشەکیی ئێس چوارسەد لە ڕووسیا ئاڵۆز ببوو، بەم دواییانەش لە بەر ئەو قەشە ئەمریکییەی کە لە تورکیادا دەست بە سەرە پتر لە جاران تێکچووە. لە دوا ھەنگاویش دا وەزارەتی خەزێنەداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا عهبدولحهمید گوێل وهزیری داد و سولهیمان سۆیلۆ وهزیری ناوخۆی تورکیای لە بەر ڕەت کردنەوەی داخوازیی ئازاد کردنی قەشە ئاندرۆ برێنسۆنی ئەمریکی و دەست ھەبوونیان لە دەستبەسەر کرانی ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٦ دا بایکۆت کردو نرخنامەو باجی دووھێندەش بە سەر ھاوردەی فافۆن و پۆڵا لە تورکیاوە بۆ ئەمریکا سەپێندرا.
جێگای ئاماژەیە دەوڵەتی واشێنگتۆن لە دواھەڵوێستیش دا لە زمانی سارا سندرزی وتەبێژی کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاندووە کە: تەنانەت ئەگەر ئاندرۆ برێنسۆنی قەشەی ئەمریکیش لە تورکیا ئازاد بکرێ، ئەو باجەی خراوەتە سەر هاوردەی پۆڵا و فافۆن لەو وڵاتەوە، هەڵناگیردرێ بەڵکو تەنیا بیرلە هەڵگرتنی بایکۆتەکان دەکرێتەوە.