سودانی و ئەردوغان لە سەر پرسی ئاو کۆبوونەوە
ڕۆژی سێ شەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ چارەسەر کردنی کێشەی ئاوی وڵاتەکەی سەردانی تورکیای کردو لە پاش کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق بەشداریی پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەشی کردو تیای دا ڕایگەیاند:فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوە کردووە هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکەن لە پێدانی ڤیزەی عێراق بە هاوڵاتییانی تورکیا.
ڕۆژی سێ شەممە کۆبوونەوەی نێوان شاندی عێراق و تورکیا بە سەرۆکایەتیی «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق و «رەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێوەبراو دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ساز دا.
«رەجەب تەیب ئەردۆغان» لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، لەگەڵ سودانی تاوتوێی هەموو رەهەندەکانی پەیوەندییەکانیان کردووە و تیشکیان خستووەتە سەر پرۆژەی (رێڕەوی گەشەپێدان)، کە رێگەیەکی وشکانی و هێڵی ئاسنینە لە بەسرەوە تاوەکو تورکیا.
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی ئاویش، ئەردۆغان روونیکردەوە، پرسی ئاو بە ناکۆکی چارەسەر ناکرێت، بەڵکو بەهاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتن دەبێت، درک بە پێویستی زۆری عێراقییەکان بە ئاو دەکەن، سەرباری ئەمەش تورکیا بەدەست کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا دەناڵێنێت و بەراورد بە 62 ساڵی رابردوو، کەمترین ئاستی ئاوی بەردەستە، بەڵام بۆ نەهێشتنی تەنگەژەکانی عێراق بڕیاریان داوە بڕی ئەو ئاوەی کە لە رووباری دیجلەوە دەڕژێت، بۆ ماوەی مانگێک بەپێی توانا زیاد بکەن.
دەربارەی پەرەپێدان بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیش، ئەردۆغان وتی "ساڵی رابردوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان 24 ملیار دۆلاری تێپەڕاند و ژمارەی پێوانەیی شکاند، دەتوانین ئەم قەبارەیە زۆر لەمە زیاتر بکەین. بۆ ئەمەش پێویستە ئەو سنووردارکردن و ئاستەنگانەی بەردەممان هەڵبوەشێندرێنەوە.
لە بەرامبەریشدا، «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: پێداگرن لە سەر پەیوەندییە ئابوورییەکان بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی باشی لەسەر بنەمای پەیوەندییەکانیان هەبێت بەتایبەتی لە روانگەی سیاسیی و ئابووریشەوە.
سودانی ئاماژەی بەوەش کرد، فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوە کردووە هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکەن لە پێدانی ڤیزەی عێراق بە هاوڵاتییانی تورکیا بەگشتی و ڤیزەی بەپەلە و خێرا بۆ پیاوانی کار و وەربەرهێنانی تورکیا.