حاتەم ئۆغوللاری: بەپێی یاسای پرۆسەی ئاشتی، دەبێ دەمیرتاش و یوکسەک داغ ئازاد بکرێن
تولای حاتەم ئۆغوللاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند: یاسای چوارچێوە پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگن یوکسەک داغ، هاوسەرۆکانی هەدەپەش دەگرێتەوە. ناوبراو جەختیشی کرد؛ پرۆسەکە، ڕێککەوتنی هەڵبژاردنیی نیەو ئامانجی، چارەسەریی ئاشتیانەی پرسی کورد بەگوێرەی ماف و هاووڵاتیبوونی یەکسانە.
تولای حاتەم ئۆغوللاری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان(دەم پارتی) لە وتارێکدا جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک ڕێککەوتنێکی هەڵبژاردن نییە و ڕایگەیاند، یاسای چوارچێوە پەیوەندیی بە پارتی داد و گەشەپێدانەوە نییە و ئامانجی ئەم پرۆسەیە چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی کورد لە چوارچێوەی مافەکان، سیاسەتی دیموکراتیک و هاووڵاتیبوونی یەکسانە.
حاتەم ئۆغوللاری وتی: ئێمە هێشتا لە سەرەتای پرۆسەکەداین، لە سیاسەتی تورکیادا عەقڵیەتێک چەسپێندراوە کە هێشتا هەرماوەو کۆتایی نەهاتووە. دووپاتیشی کردەوە کە پشتیوانی دەم پارتی لە یاساکە بە مانای یەکڕیزی لەگەڵ لایەنە دەسەڵاتدارەکان نییە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لێی دوورخستنەوەی پرسی کوردە لە چوارچێوەی ململانێکان و گواستنەوەی بۆ گۆڕەپانی سیاسی و مافەوانی. سەبارەت بە دژایەتی ژمارەیەک لە نوێنەرانی "پارتی نوێ" لەگەڵ یاسای چوارچێوە، حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوەدا کە ڕەنگە بەشێک لە دەنگەکانی ئۆپۆزسیۆن بەهۆی بێمتمانەیی بە حکومەتەوە بێت و بەشێکی تریش درێژەدان بە عەقڵیەتێکی سەدان ساڵەیە سەبارەت بە پرسی کورد.
حاتەم ئۆغوللاری وێڕای ڕێزگرتن لە پشتگریی ئۆزگور ئۆزەل و ٣٥ نوێنەری پارتەکەی لەو یاسایە، وتی: "ئەم یاسایە هی ئاکەپە نییە، ناتوانیت بە عەقڵیەتێکی سەد ساڵەوە سەردەمێکی نوێ بنیات بنێیت".
بەقسەی حاتەم ئۆغوللاری پارتی بزاڤی نەتەوەیی(مەهەپە) پەیوەست بە پرۆسەکە چەندین کۆبوونەوەی جەماوەری بەڕێوەبردووەو هەوڵی داوە پرسەکە بۆ پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی شی بکاتەوە، بەڵام ئاکەپە ئەو کارەی نەکردووە.
ناوبرا لەهەمان کاتدا وتی: ئەو یاسایە کەموکوڕیی و خاڵی لاوازی زۆری هەیە کە گرینگترینیان پشتبەستن بە جێبەجێکردنی پرۆسەکە بە لیژنەیەکە کە لە بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری حکومەت پێکهاتووە. بەقسەی حاتەم ئۆغوللاری، بڕیارە کۆمیسیۆنێکی سیاسی لە پەرلەمان و لیژنەیەکی دیکە لە داڕشتی حکومەتی، جێبەجێکرانی پرۆسەکە پێوشوێن بگرن و پشت ڕاستی بکەنەوە.
جەودەت یێڵماز، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیاش، پەسەندکرانی یاسای چوارچێوەی ئاشتی بە ٤٦٧ دەنگی ئەرێی، بە نیشانەی داکۆکیی بەرفراوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پرۆسەکە زانی و هۆشداریی دا؛ لە قۆناخی هەستیاری چەکداماڵینی پەکەکە، لەوانەیە هەوڵ بدرێ بۆ هاندانی بیروڕای گشتی، زانیاریی دوور لە راستی بڵاو بکرێنەوەو تەگەرە سازبێ لەبەردەم پرۆسەکەدا.