گیرانی وەزیری پێشووی حکومەتی ئەردۆغان پەیوەست بە دۆسییەی گەندەڵیی دراڤیی بۆرسەی تورکیا
فاتمە بەتول سایان کایا، وەزیری پێشووی بنەماڵەو سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا و لە کەسایەتییە باڵاکانی پارتی دەسەڵاتداری دادوگەشەپێدان لەپەیوەندیی لەگەڵ دۆسییەی پێشێلکاریی دراڤی لە سندوقەکانی وەبەرهێنانی بۆرسەی ئەو وڵاتە، دەسبەسەرکرا.
دادگەی ئەستەمووڵ بە لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی دراوەتەپاڵ ئەو بەرپرسی پێشووی حکومەتی ئەردۆغان، بڕیاری دەسبەسەرکرانی بەتاوانی پێشێلکردنی یاسای بازاڕی سەرمایەو ئەندامبوون لە دامەزراوەیەکی ڕێکخراو بۆ ئەنجامدانی تاوان، دەرکرد.
بەپێی ڕاپۆرە بڵاوکراوەکان، سایان کایا تۆمەتبارە بە کەڵک وەرگرتن لە زانیاریی نهێنی و پەیوەندیی گرتن بە بەڕێوەبەرانی سندوقەکانی سەرمایەنانەوە، هاوبەشیی هەبووە لە مامەڵەی گومانلێکراوی بەرەبەشەکاندا.
لە ڕاپۆرەکانی پەیوەست بەو دۆسییە ئیدیعا کراوە کە بڕی سەرمایەنانەوەی هاوپێوەند بە ناوبراو لەماوەی چوار مانگدا لە شەست و سێ ملیۆن لیر بۆ یەک ملیاردو سێ سەد میلیۆن لیر زیادی کردووەو بەرەبەشی باسکراویش ڕێک رۆژێک پێش ڕاگەیاندنی هەڵوەشانی سندوقەکانی وەبەرهێنان، فڕۆشراوە؛ بەم حاڵەش هێشتا پێویستە ئەو بابەتە سەربەخۆیانە پشت ڕاست بکرێتەوە. فاتمە بەتول سایان کایا تۆمەتە پاڵدراوەکانی رەت کردۆتەوەو بەدواداچوونی دادەوانیی بە دۆسییەکەی هەروا بەردەوامە.