تشرینی یه‌که‌م 08, 2017 12:53 Asia/Tehran
  • بەرەڤانیی هەمدیسانی وەندی شرمەن لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران

دیپلۆماتی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئەگەر سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە خۆی لە پشتڕاست کردنەوەی پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی بدزێتەوە،لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆریای باکووری دا خراپتر دەجوڵێیتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی یونایتێدپرێس ئینتەرنەشناڵ، وەندی شرمەن  دیپلۆماتی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە نیۆیۆرک دا وتیشی: ئەگەر دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە خۆی لە پشتڕاست کردنەوەی پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی بدزێتەوەو ڕادەستی کۆنگڕێسی بکات، ئەم هەنگاوە کاریگەریی نەرێنی و نالەباری لێ دەکەوێتەوە .

 وەندی شرمەن ئەم پرسیارەی هێنایە ئاراوە کە ئەگەر ترەمپ پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی پشتڕاست نەکاتەوە، ئیدی کۆریای باکووری بە چ دڵخۆشییەکەوە لەگەڵ ئەمریکا دانوستان بکات.

دانوستانکاری باڵای ئەمریکا لە وتووێژە ناڤۆکییەکانی ئێران و پێنج کۆ یەک وێڕای ئاماژە کردن بە هەڕەشەو گوڕەشەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە ڕەت کردنەوەی پێبەند بوونی ئێران بە هەنگاوی هاوبەش وتیشی: پشتڕاست نەکردنەوەی پێبەند بوونی ئێران، دەبێتە هۆی دروست بوونی بێ متمانەیی.

بڕیار وایە ترەمپ 12ی ئۆکتۆبەری 2017 بڕیاری خۆی سەبارەت بە هەنگاوی هاوبەش و هەروەها ستراتژیای تۆکمەوتەواوی دەوڵەتەکەی سەبارەت بە ئێران ڕابگەیەنێت.

ڕێککەوتنی ناڤۆکیی نێوان ئێران و گرووپی پێنج کۆ یەک بریتی لە وڵاتانی (ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرانسا، ئەمریکا و ئەڵمان) ناسراوبە هەنگاوی هاوبەش لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەوە چووەتە واری جێبەجێ کرانەوە ، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی گرووپی پێنج کۆ یەک بەردەوام لە سەر ڕێگای جێبەجێ کرانی ئەو ڕێککەوتنەدا تەگەرە دەنێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی هەنگاوی هاوبەش، ڕێککەوتنی ناڤۆکیی وەک ڕێککەوتنێکی ترسناک وەسفکردووەو داوای تێکدانی دەکات، کەچی دنیا نەیاری ئەو هەنگاوەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.

 

سەرپەیڤ