دان پێدانانی ترەمپ بە پێبەند بوونی ئێران بە چوارچێوی تەکنیکیی ڕێککەوتنی ئەتۆمی
سەرۆک کۆماری ئەمریکا دانی نا بەوەیدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێبەند بووە بە چوارچێوی تەکنیکیی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی پێنج کۆ یەک).
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر؛ "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە لە لاپەڕەی شەخسیی خۆیدا لە تویتەر نووسی؛ ئێران پێبەند بووە بە چوارچێوی تەکنیکیی ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
بەڵام سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە درێژەدا بە دووپات کردنەوەی بانگەشە دژە ئێرانییەکانی خۆی نووسی؛ ئێران لە چوارچێوە دیاریکراوەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لای داوە.
لە لایەکی دیکەوە "جان بێرنان" John Brennan) سەرۆکی پێشووی دەزگەی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)ـیش قسە و هەڵوێستەکانی ترەمپ دژ بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی بە نادرووست زانی و وتی کە واشینگتۆنیش لەو ڕێککەوتنەدا دەسکەوتی هەبووە.
سەرۆکی پێشووی دەزگەی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) وتیشی: ئەوەی کە ترەمپ دەڵێ واشینگتۆن هیچ دەسکەوتی نەبووە، ئەو مەسەلە بە شێوەیەکی جێی داخ و مەخابن نەزانانەیە و یان بەئەنقەست و بەلاڕێدابەرە.
دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی هەینی ١٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بە بێ بایەخ دان بە هەشت ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە لە هەر هەشت راپۆرتەکەدا پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پشت ڕاست کراوەتەوە، ڕایگەیاند کە پێبەند بوونی ئێران بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش پشت ڕاست ناکاتەوە.
یەکێتیی ئەورووپا و ژمارێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان پاش ئەو قسە و لێدوانەی ترەمپ ڕایانگەیاند کە وەک رابردوو داکۆکیی تۆکمە و تەواو لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی پێنج کۆ یەک دەکەن.