تشرینی دووه‌م 24, 2017 14:44 Asia/Tehran
  • وەدەرنرانی جارد کۆشنەر لە کۆشکی سپی؛ هۆکار و دواهاتەکانی

لە هەنگاوێکی سەرنج راکێشدا ، " دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا داوای لە "جارد کۆشنەر"ی زاواز و ئیڤانکاری کچی کرد کە کۆشکی سپی بە جێ بێڵن و بگەڕێنەوە بۆ نیۆیۆرک.

گۆڤاری "ڤێنتی فێر" (١) نووسی؛ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەبەر راوێژکارییە بێسوودەکانی "جارد کۆشنەر" (٢)ی زاوای و ئیڤانکا (٣)ی کچی، داوای لێ کردوون کۆشکی سپی بەجێ بێڵن و بگەڕێنەوە بۆ ماڵی خۆیان لە نیۆیۆرک. بە هاتنە دەری کۆشنەر و ئیڤانکا ترەمپ لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ دوو کەس لە گرینگترین  و نزیکترین راوێژکارانی لە دەست دەدا. دەگوترێ کێشە و ناکۆکیی نێوان کۆشنەر و ژەنەراڵی خانە نشین "جان کلەی" (٤)سەرۆکی ئەرکانی فەرمانبەرانی کۆشکی سپی ، کاریگەری دانەوەتە سەر ئەوەی کە ترەمپ بۆچوونی سەبارەت بە کچەکەی و زاواکەی بگۆڕدرێ.

هەر لە هەمان ڕۆژی ٢٠ی ژانڤییەی ٢٠١٧ کە ترەمپ لە دەسپێکی سەرۆک کۆمارەتیی خۆیدا پۆستی راوێژکاری باڵای سەرۆک کۆمارەتی دا خستە ئەستۆی "جارد کۆشنەر" دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بوویەوە. کۆشنەری ٣٥ ساڵ تەمەن، لە کاتێکدا ئەو پۆستە گرینگەی پێ سپێردرابوو کە پێشتر هیچ ئەزموون و پێشینەیەکی لە کاروباری سیاسی و بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەتیدا نەبوو. لە ڕاستیدا تەنیا  زاوای سەرۆک کۆمار بوون کۆشنەری کردە خاوەنی پۆستی ڕاوێژکاری باڵا و پاشان نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە مەسەلەی یەکجار هەستیار و ستراتژیکی ناسراو بە "ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناڤین".

بەم حاڵەشەوە راوێژکارییەکانی کۆشنەری بێ ئەزموون لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوو، کێشە و گرفتی زۆری بۆ سەرۆک کۆماری ئەمریکا و پارتی دەسەڵاتداری کۆماریخواز لە کۆشکی سپی و کۆنگرێس نایەوە. دەگوترێ "جەیمز کومی" (٥) سەرۆکی ئەو کاتەی "ئف بی ئای" بە ڕاسپێریی کۆشنەر وەلانرا کە دوابەدوای ئەوە وەزارەتی داد ناچار بوو "ڕۆبێرت موولەر" (٦) بکاتە بەرپرسی لێکۆڵینەوەی تایبەت سەبارەت بە دۆسییەی خۆوەردانی دەستێدابوونی شیمانەیی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا.

هەروەها هان دانی ترەمپ بە داکۆکی لە "لۆتەر سترەنج" (٧)  بەرامبەر بە "ڕۆی مۆر" (٨) لە هەڵبژاردنی نێوان پارتیی کۆماریخوازان بۆ دیاری کردنی بەربژاری سناتۆریی ئەیالەتی ئالاباما لە راوێژکارییە بێسوود و پڕکێشەکانی دیکەی کۆشنەر دێتە ئەژمار.

لەم نێوانەدا کێشرانی پێی کۆشنەر بۆ نێو دۆسییەی ناسراو بە "ڕووسیا_ ترەمپ" و دیداری نزیکی ناوبراو لەگەڵ پارێزەرێکی ڕووسی سەر بە کۆشکی کرێملین لە سەردەمی ململانێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ساڵی ٢٠١٦یش کێشە و گرفتی زۆری بۆ ترەمپ ساز کرد. نەیارانی ترەمپ هەوڵ دەدەن لە ڕێگای چڕ کردنەوە لە سەر ئەو دیدارە کە بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ جونیور(٩) ، کوڕە گەورەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەنجام درا، ڕێگایەک بۆ وەبەر لێپرسینەوە خستنی دۆناڵد ترەمپ بدۆزنەوە.

لە ئاکامدا ئەوەی کە دەگوترێ دیداری شەوانەی جارد کۆشنەر لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شامیری عەرەبستان کە تا بەیانی درێژەی هەبووە و دەسبەجێ پاش ئەو دیدارە ، دەیان شازادەی سەعوودی و بازرگانی ئەم وڵاتە گیران، بۆتە هۆی تووڕەیی کاربەدەستانی ئەمریکایی.

سەرجەم ئەو هۆکارانە بووە هۆی ئەوەی کە جان کلەی وەکوو نوێنەری ڕەوتی سەر بە "دەوڵەتی شاراوە" (١٠) ، یەکێک لە کەسایەتییەکانی بەرچاوی ڕەوتی ناسراو بە " ترەمپیستەکان" (١١)  لەو بازنەی دەسەڵاتە وەدەرنێت.

بە چوونەدەری "جارد کۆشنەر" کە پاش وەدەرنرانی "ستیڤ بەنن" (١٢) دووەم زەبری قورس لە ترەمپیستەکان دێتە ئەژمار، دەوڵەتی شاراوە'' هەوڵ دەدات دۆناڵد ترەمپ زیاتر لە ڕابردوو بخاتە بن کۆنترۆڵ و چاوەدێرییەوە و ڕێگا نەدات بەوەی کە سەرۆک کۆماری تازەکار و بێ ئەزموونی ئێستا، داڕشت و چوارچێوە پێکهاتووەکان لە ماوەی چەن دەیەی ڕابردوو لاواز بکات. بەم حاڵەشەوە هێشتا ڕوون نییە کە ترەمپ لە ئاکامدا کۆڵ بدات بە داخوازی "دەوڵەتی شاراوە" یان ئەوەی کە هەر درێژە بدات بە بەزاندنی سنوورەکانی داب و نەریتی کۆشکی سپی.

 

1 - Vanity Fair

2 -  Jared Kushner

3 - Ivanka

4 - John Kelly

5 - James Comey

6 - Robert Mueller

7 - Luther Strange

8 - Roy Moore

9 - Donald Trump Jr

10 - Deep State

11 - Trumpism

12 - Steve Bannon

سەرپەیڤ