فەڕانسە هیچ بەرنامەیەکی نییە بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانە بۆ بەیتولموقەدەس
وەزیری دەرەوەی فەڕانسە جەختی کرد: پاریس هیچ گەڵاڵەیەکی نییە بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەکەی بۆ بەیتولموقەدەس.
ژان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕانسە رۆژی هەینی لە دیمانە لەگەڵ رادیۆ ئاڕ تی ئێل وتی: فەڕانسە بەنیاز نییە باڵوێزخانەکەی بۆ شارێکی دیکە جگە لە تەلەبیب بگوێزێتەوە.
لۆدریا وتی: فەلەستینییەکان پێویستیان بەهیوا هەیەو لایەنی ئیسرائیلی دەبێ بەرپرسایەتییەکەی قەبووڵ بکات.
بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە، بڕیارە لۆدریان دووشەممە ١٨ی دیسەمبەر سەردانی واشنگتۆن بکاو لەگەڵ ڕێکس تیلرسۆن هاوشانە ئەمریکییەکەی لەبارەی پرسە جیاجیاکان لەوان بڕیاری ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەدژ قودس ڕاوێژ بکات.
ترەمپ شەشی دیسەمبەر لەچوارچێوەی گەڵاڵەیەکی دژە فەلەستینیی بێنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی رژیمی ئیسرائیل بۆ گواستنەوەی پایتەختی ئەو رژیمە لە تەلەبیب بۆ قودس ڕایگەیاند: واشنگتۆن باڵوێزخانەکەی بۆ ئەو شارە دەگوێزێتەوە.
ئەو بڕیارەی ترەمپ لەگەڵ تووڕەیی جیهانی ئیسلام و نەیارەتی ئوروپییەکان بەرەوڕوو بووە.