جەخت کردنەوەی دەم پارتی لەسەر پێویستیی گۆڕانی چەمک و ناوەرۆکی راپۆری کۆمیسیۆنی ئاشتی و دیموکراسی
وتەبێژی دەم پارتی وێڕای ئاماژە بە ڕۆڵی پەرلەمانی تورکیا لە چارەسەریی ئاشتیانەی کێشەکانی تورکیا، وتی: ئێمە داوامان لە سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاشتی و دیموکراسی کردبوو ناوی ڕاپۆرەکە لە "تورکیای بێ تیرۆر" بگۆڕێ بۆ "پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا".
ئایشە گوڵ دۆغان وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان(دەم پارتی) بە ئاماژە بە ڕاپۆری کۆتایی کۆمیسیۆنی ئاشتی کە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانیتورکیاوە بڵاوکرایەوە، وتی: بەر لەوەی ڕاپۆرەکە ئامادە بکرێ، چەندین جار داوامان لە کۆمیسیۆن کردبوو بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرێکی گشتگر و کاریگەر، پێویستە هەمواری یاسایی بکرێ لە دەقی ڕاپۆرەکەداو ناوی ڕاپۆرەکە لە دەستەواژەی "تورکیای بێ تیرۆر" بۆ "پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا" بگۆڕدرێ.
ئایشە گوڵ دۆغان وتی: پێویستە پەرلەمانی تورکیا پاش بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرە، یاسایەک پەسەند بکا هەتا خەڵکی تورکیا بە کورد و تورکەوە دڵنیا بن لەوەی ئەنجامی هەوڵی کۆمیسیۆنی ئاشتی و دیموکراسی، ئاشتییەکی پاوەجێی لێ دەکەوێتەوە.