پێداگریی فەلەستین لەسەر پێویستیی بەتاڵ کردنەوەی بڕیاری ئەمریکا لەبارەی قودس
سکرتێری لێژنەی کارگێڕیی ڕێکخراوی ڕزگاریدەری فەلەستین ڕایگەیاند، فەلەستین تەنیا کاتێک دانوستانەکان دەس پێ دەکاتەوە کە ئەمریکا بڕیارەکەی لەمەڕ ناساندنی قودس وەک پایتەختی رژیمی زایۆنیستی هەڵوەشێنێ.
بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆن بەگێڕانەوە لە هەواڵدەریی شین هۆوا؛ سائیب عەریقات سکرتێری لێژنەی کارگێڕیی ڕێکخراوی ڕزگاریدەری فەلەستین ئەمڕۆ سێ شەممە لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دوابەدوای بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ جیاکردنەوەو وەلانانی پرسی قودس لە بەرنامەی کاری دانوستانەکان، ئەو وڵاتە شیاوەتی خۆی لە دەورگێڕان لە ڕەوتی سازان لەدەست داوە.
سائیب عەریقات وتی: چۆنیەتی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل و چۆنیەتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بڕیاری ئەمریکا لەبارەی قودس لەدانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی ناوەندیی ڕێکخراوی ڕزگاریدەری فەلەستین دیاری دەکرێ.
بەرلەوە، مەحموود عەبباس سەرۆکی دەزگەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستینیش بەئاماژه بەمەترسیی جیددی بڕیاری ترەمپ لەبارەی شاری قودسی داگیراو، وتی: حکومەتی ئەمریکا بەم بڕیارەی دەوری ناوبژیوانیی خۆی لەڕەوتی چارەسەریی سیاسیی قەیرانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناڤین لەدەست داوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەشی دیسەمبەری٢٠١٧ قودسی داگیرکراوی وەک پایتەختی رژیمی زایۆنی ڕاگەیاند.
ترەمپ پاشان باسی هەوڵدان بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیب بۆ قودسی کرد کە ئەوەش ، تووڕەیی بەربڵاوی گەلی فەلەستین و شەرمەزارکردنی جیهانی بەدواوە بوو.