وریایی دانی توندی ڕووسیا بە رژیمی ئیسرائیل
ڕووسیا لە مانگی سیپتەمبەری٢٠١٥ـەوەو لە وەڵامدانەوە بە داواکاریی دەوڵەتی سووریا بەئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە ڕەشەکوژەکان، بەشێوەیەکی بەرفراوان لەو وڵاتە ئامادەیە. پێگەی ئاسمانیی "حەمیم"ی جێگیر لە پارێزگای لازقیەی شوێنی جێگیربوونی فڕۆکە ڕووسیەکانە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن لەو وڵاتە.
لەهەمان کاتدا ئیسرائیل هەوڵی زۆری داوە هەتا بە هەڵایساندنی شەڕی دەروونی و هەروەها ڕاوێژکارییە سیاسییەکان بەجۆرێک هەڵوێستی ڕووسیا لەبارەی ئامادەبوونی ئێران لە سوریا بخاتە ژێر کارتێکەری و بەجۆرێک مۆسکۆ لەگەڵ خۆیدا هاوڕەوت بکات.
بەبێ ئاکام مانەوەی ئەو هەوڵانە، پەلامارەکانی رژیمی زایۆنی لەدژ ئامانجگەلێک لە سوریا کە بەئیدیعای ئەوەی کە هاوپێوەندە بە چەکئامێرەکانی ئێران و بزووتنەوەی حیزبوڵڵا، ڕەوتێکی ڕوو لەتەشەنای بووە. لەدواحاڵەتی ئەو پەلامارانە، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بە کەڵک وەرگرتنی ناڕەوا لە گەشتی ئاسمانی فڕۆکەیەکی سیخوڕیی ڕووسی شەوی دووشەممە هەڵیان کوتایە سەر ئامانجێک لە لازقییە کە لەکاردانەوە بەرامبەری، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی سوریا بەهەڵە ئەو فڕۆکەیەی جۆری ئیلوشین-٢٠ی ڕووسی خستەخوار. ئەو پرسە ، توڕەیی توندی مۆسکۆ لە تەلەبیبی لێکەوتووەتەوە.
ئیگور لیبرمەن"وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لەوبارەوە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل تەنیا خولەکێک پێش هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-١٦ی خۆی، ڕووسیای لە هێرش بۆسەر لازقییە ئاگادار کردۆتەوە. بەقسەی ناوبراو، فڕۆکەوانانی رژیمی زایۆنی لەفڕۆکەی سیخوڕیی ئیلوشین-٢٠ی سوپای ڕووسی بە پانزە سەرنشین(کە خەریکی گەڕانەوە بۆ پێگەی حەمیمیم بوو) وەک قەڵغان کەڵکیان وەرگرت و خستیانەبەر پەلامارەکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی سوریا. پەلاماری مووشەکیی رژیمی زایۆنی بەپاڵپشتی و هاوبەشیی پاپۆڕێکی بچووکی فەڕەنسی بۆسەر لازقییە ڕووی دا. بەقسەی "سێرگئی شویگۆ" وەزیری بەرگریی ڕووسیا، کردەی دنەدەرانەی ئیسرائیل بەتەواوەتی لەدژ"رۆحی هاوکاریی نێوان ڕووسیاو ئیسرائیل"ـە بۆیە ڕووسیا ئەو کردەیە بەکردێکی دوژمنکارانە لەقەڵەم دەداو مافی وەڵامدانەوە بۆخۆی بەپارێزراو دەزانێ. واپێ دەچێ ڕووسەکان ئێستا لە کەڵک وەرگرتنی ئامرازیی تەلەبیب لە مۆسکۆ لەگۆڕەپانی سوریادا پەیان بردبێ. مۆسکۆ پێی وابوو، سەرباری کاردانەوە بەپەلامارە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسر ئامانجی جێی سەرنجی لەسوریا بەکردەوە سیاسەتی بێلایەنی گرتووەتەبەر لەهەمبەر بەرەوڕووبوونەوەی ئیسرائیل وئێران لە سوریا و تەلەبیبیش هیچ زیانێک ناگەیێنێ بە هێز و چەکئامێری سەربازیی ڕووسی جێگیر لە سوریا. بەم حاڵەوە، ئێستا دەرکەوتووە کە زایۆنییەکان گرینگی نادەن بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و زۆر بەئاسانی ڕووسەکان دەکەنە قوربانی ئامانجەکانیان.
سێرگئی شویگۆ وەزیری بەرگریی ڕووسیا، لەوبارەوە وتی: "بەجاران داوا لە ئیسرائیل کراوە هەتا خۆببوێرێ لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆسەر سوریا کە دەتوانێ ئاسایشی چەکدارانی ڕووسی بخاتەمەترسی. وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا پاش دانیشتنی لەگەڵ یاریدەری باڵوێزی ڕژیمی زایۆنی لە مۆسکۆ ڕایگەیاند کە مۆسکۆ هەر هەنگاوێک پێویست بێ هەڵیدەگرێ بۆ پاراستنی گیانی هێزەکانی لە سوریا.
"ڤلادیمیر پوتین" سەرۆک کۆماری ڕووسیا لەکاردانەوە بە کەوتنەخوارەوەی فرۆکەی سەربازیی ڕووسی لە سوریا وتی: ئەو ڕووداوە بۆ هەڵسەنگاندن لەگەڵ خرانەخوارەوەی فڕۆکەی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە، هەڵناسەنگێندرێ. هەڵوێستی من لەبارەی کەوتنەخواری ئەو فڕۆکە، هەمان هەڵوێستی وەزارەتی بەرگرییە. پێویستە ئەو ڕووداوە بەجیددی لێک بدرێتەوە. کاردانەوەی ڕووسیا، بردنەسەری ئاستی ئاسایشی هێزەکانمان لە سوریا دەبێ. بەم چەشنە، دەبێ ئەو ڕووداوە وەک دەسپێکی قۆناخێکی نوێ لەپەیوەندییەکانی ڕووسیاو ئیسرائیل بەتایبەت لەگۆڕەپانی سوریا، لەقەڵەم بدرێ. ئێستا ڕووسەکان پەیان بەوە بردووە کە سیاسەتی پێشوویان تەنیا بووەتە مایەی جەسارەتی هەرچی زیاتری رژیمی زایۆنی و پێویستە کاردانەوەی جیددی پێشان بدەن لەهەمبەر کردەی سەربازیی دوژمنکارانەیان لەدژ سوریا. ئەو ڕووداوە، پێشاندەری خووخدەی دەسدرێژکارانەو خەمساردیی زایۆنییەکان لەحاند بەڵێنییەکان وپەیوەندییە دوو قۆڵییەکان تەنانەت لەگەڵ ڕووسیایە.