ئه‌یلوول 25, 2018 13:07 Asia/Tehran
  • ئێران ؛ تەوەرەی وتووێژەکانی ترەمپ و مەکرۆن

سەرۆک کۆمارانی ئەمریکا و فەرەنسا لە پەراوێزی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک سەبارەت بە پرس و بابەتە گرینگەکانی جیهان لەوان ئێران بیر و رایان گۆڕییەوە.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی بلومبێرگ؛ "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە لە دیداریدا لەگەڵ "ئیمانۆئێل مەکرۆن"ی سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە  پەراوێزی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک بانگەشەی کرد کە بایکۆتەکانی کاریگەری داناوەتە سەر ئێران.

سەرۆک کۆمارانی ئەمریکا و فەرەنسا لەم دیدارەدا هەروەها مەسەلەی سووریا و پەرەپێدانی زیاتری پێوەندیی بازرگانیی نیوان واشینگتۆن و یەکێتیی ئەورووپایان خستە بەر باس و لێکدانەوە و دوولایەن لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە سەبارەت بە ئەدلیب هاوکاریی تورکیا بکەن.

دەوڵەتی ئەمریکا هەشتەمی مانگی مەیی ٢٠١٨ بە بانگەشەی بێ دەسکەوت بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک )ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) و هێنانە ئارای ژمارێک تۆمەتی بێ بنەما دژ بە ئێران، بە شێوەی یەکلایەنە لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە چووە دەرەوە و ڕایگەیاند کە بایکۆتە ئەتۆمییەکان سەر لە نوێ بە سەر ئێران دادەسەپێندرێنەوە. هەنگاوێک کە بەرەو ڕووی نەیارەتیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەی جیهانی بەتایبەت هاوپەیمانانی ئەورووپایی ئەمریکا بوویەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئێران، فەرەنسا، ڕووسیا، چین، بەریتانیا و ئەڵمان کە  ئێوارەی دووشەممە لە پەراوێزی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک بە سەرۆکایەتیی "فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بەڕێوە چوو، بەشدار بووانی لە بەیاننامەیەکدا جەختیان کرد لە سەر راگەیاندنی پێبەند مانەوە خۆیان بە جێ بەجێ کردنی تۆکمە و تەواو و کاریگەریی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەوان لە بواری ئابووریی  و نەهێشتنی بایکۆتەکاندا.

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و وڵاتانی گرووپی ٤+١ هەروەها رایانگەیاند: هەڵگرتنی بایکۆتەکان و سوود بردنی ئێران لە قازانجە ئابوورییەکانی، بەشی سەرەکی و بنەڕەتیی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دێتە ئەژمار.

سەرپەیڤ