ئه‌یلوول 30, 2019 16:05 Asia/Tehran
  • لەقاودرانی تازە لەبارەی دەستتێدابوونی کەس وکاری ترامپ لە دۆسییەی دادەوانیی بایدن

دادئەستێنی گشتیی پێشووی ئۆکراین لەقاوی دا، پارێزەری سەرۆک کۆماری ئەمریکا چەندین جار داوای لەناوبراو کردبوو لەبارەی یاریدەری سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتە دووبارە لێکۆڵینەوە بکات.

"یوری لۆتسێنکۆ" دادئەستێنی گشتیی پێشووی ئۆکراین لە دیمانە لەگەڵ رۆژنامەی ئەمریکیی لۆس ئەنجلێس تایمز وتی: "رودی جولیانی" پارێزەری تایبەتی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەو چەند دیدارەی لەگەڵ مندا بووی، هەردەم خوازیاری لێکۆڵینەوەی دووبارە دەبوو لەبارەی دۆسییەی دراڤیی "جۆبایدن"ی یاریدەری سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکاو کوڕەکەی "هانتر بایدن" بەڵام من خۆم دەبوارد لە ئەنجامدانی ئەو کارە.

لۆتسنکۆ وتی: بە جولیانیم وت ناتوانم تەنیا بۆ بەرژەوەندییەکانی کاربەدەستێکی ئەمریکی لێکۆڵینەوە ئەنجام بدەم.

پارێزەری ترامپ ساڵی ڕابردوو٢٠١٨ داواکاریی خۆی لەمەڕ پێوشوێن گرتنی دۆسییەی دراڤیی بایدن و کوڕەکەی ڕاگرتبوو، بەڵام بەسەرکەوتنی ڤلۆدیمیر زلێنسکی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئۆکراین، ترامپ و پارێزەرەکەی جارێکی دیکە خوازیاری خێراکرانی ڕەوتی تاووتوێی ئەو دۆسییە بوون.

پاش لەقاودرانی دەقی وتووێژی تەلەیفونیی ترامپ وهاوشانە ئۆکراینییەکەی لەبارەی خێراکرانی ڕەوتی تاووتوێی دۆسییەی گەندەڵیی دراڤی بایدن و کوڕەکەی کە دەگوترێ بەمەبەستی ناوزڕاوکردنی جۆ بایدن، سەرەکیترین خەنیمە شیمانەییەکەی لەهەڵبژاردنەکانی٢٠٢٠دا ئەنجامی گرتووە، سەرۆک کۆماری ئەمریکا تێوەگلاوی ڕیسواییەکی نوێی سیاسی بووە.

دوابەدوای ئەو ریسواییە، ٢٢٥ ئەندام پەرلەمانی ئەمریکا  داکۆکییان کردووە لە لێپێچینەوە لە ترامپ و "نانسی پلۆسی" سەرۆکی ئەو دامەزراوەی یاسادانان، دەسپێکی لێکۆڵینەوە فەرمییەکانی کۆنگرە لەبارەی ئەو لێپێچینەوەی ڕاگەیاندووە.

سەرپەیڤ