کاردانەوەی ترامپ بە پاشگەزبوونەوەی "بێرنی سەندرز" لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ی ئەمریکا
"دۆناڵد ترامپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەبڵاوکردنەوەی پەیامێک لەژمارەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توئیتەردا، پێشوازیی کرد لە وازهێنانی بەربژێری دیموکراتەکان لە ڕکابەریی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە .
بەپێی راپۆری ئاژانسی هەواڵیی رادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران، ترامپ لەو پەیامە توئیتەریەدا نووسی: وازهێنانی سەندرز هەر ئەوەبوو کە دیموکراتەکان و کۆمیتەی نیشتمانیی دیموکراتەکان چاوەڕوانیان دەکرد، باشتر وایە لایەنگرانی بێرنی بچنەڕیزی کۆماریەکان.
"جۆ بایدن"ی بەربژێری سەرەکیی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەمریکاش لە کاردانەوە بە پاشگەزبوونەوەی بێرنی سەندرز لە درێژەدان بەو ڕکابەرییانە، گوتی: سەندرز سیاسەتوانێکی بێ وێنەیەو بزووتنەوەکەی، ئەمڕۆش وەک ڕابردوو، بەهێزە.
بێرنی سەندرز سێناتۆری سەربەخۆی ئەیالەتی "ڤێرمۆنت" و یەک لە بەربژێرە پێشەکییەکانی بەناوبانگی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنیی سەرۆک کۆماریی ٢٠٢٠ی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە لەبەیاننامەیەکدا ڕاگرتنی ململانێ بۆ بەربژێریی لەو هەڵبژاردنانەی ڕاگەیاند.
پاشگەزبوونەوەی سەندرز پاش ئەوە ئەنجامی گرت کە لە ڕکابەریی ناوخۆی حیزبی لەگەڵ "جۆ بایدن"ی جێگری یەکەمی "باراک ئۆباما" سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتە لە ژمارێکی زۆر لە ئەیالەتەکان پاش کەوت و ژمارێکی کەمی دەنگی پارێزەرانی حیزبی بۆ کۆنوانسیۆنی نیشتمانیی دیموکراتەکان بەدەست هێنا.