گەردەلولی لۆرا لە ئەمریکا زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە
لانیکەم 14 کەس گیانیان لەدەستدا پاش ئەوەی گەردەلولی لۆرا هەردوو ویلایەتی لویزیانا و تەکساس-ی لە باشوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرتەوە.
جۆن بیل ئیدواردز، حاکمی لویزیانا ڕایگەیاند، لانیکەم 10 کەس لە ویلایەتەکەیان گیانی لەدەستداوە کە نیوەیان بەهۆی ژەهراویبوونەوە بووە بە یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن کە لە ئەنجامی کارپێکردنی مۆلیدەی کارەبایی لەنێو ماڵەکاندا ڕوویداوە.
چوار قوربانییەکەی تر بەهۆی کەوتنی دار و درەخت بەسەر ماڵەکانیاندا بوونەتە قوربانی، وەک ئەوەی حاکمی ویلایەتە ئاماژەی پێدا، کەسێکی تریش بەهۆی نغرۆبوونی ئۆتۆمبێلەکەی لە گەردەلولەکەدا گیانی لەدەستدا.
هاوکات 464 هەزار و 813 بەشداربوو لە ویلایەتی لویزیانا لە کارەبا بێبەشبوون.بەپێی میدیاکان تەکساس تا ڕادەیەکی زۆر لە گەردەلولەکە ڕزگاری بوو کە لەئێستادا بەهێزییەکەی نەماوە.پێشتریش دەسەڵاتدارێتی هایتی بڵاویکردەوە، ئاماری قوربانیانی گەردەلولی لۆرا کە ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە گەیشتووەتە گیان لەدەستدانی لانیکەمی 31 کەس.