راپرسیەک : بایدن بە 12 خاڵ لە پێشە
رۆژنامەی واشنتن پۆست و کەناڵی ABSـی ئەمریکی ئەنجامی دواین راپرسی خۆی لەبارەی ئاستی جەماوەری دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن ئاشکرادەکات و بەگوێرەی راپرسییەکەش بایدن 12 خاڵ پێش رکارەبەرەکەی کەتوە.
لەبەشێکی راپرسییەکەی رۆژنامەی واشنتن پۆست و کەناڵی ABSـی ئەمریکی ئاماژە بەوەکراوە، جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان و جێگری پێشوی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا توانیویەتی 54%ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و دۆناڵد ترەمپیش 42%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
پێشوتریش دامەزراوەی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەگوێرەی راپرسییەکان جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان لە ویلایەتی فلۆریدا کەیەکێکە لەو ویلایەتانەی رۆڵی دیاری هەیە لەیەکلاییکردنەوەی سەرۆکی داهاتوی ئەمریکا، چوار خاڵ پێش رکابەرەکەی کەوتوە.
لەدەنگدانی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ویلایەتەکانی ویسکۆنسن، پەنسلڤانیا، میشیگان، باکوری کارۆلینا، فلۆریدا و ئەریزۆنا رۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە یەکلاکردنەوەی ناوی ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی چوار ساڵی داهاتوی ئەمریکا.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ ساڵی 2020 دەکەوێتە 3ی مانگی داهاتو و بژاردەی سەرەکی لەنێوان دوو کاندیددا دەبێت ئەوانیش دۆناڵد ترەمپ لە پارتی کۆماری و جۆ بایدن لە پارتی دیموکرات.