ئەمریکا لە دەنگدانی بەروەخت رەقەمی پێوانەیی تۆمار کرد
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە 90 ملیۆن کەس لە ئەمریکا بەشدارییان لە دەنگدانی پێشوەختە کردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەو وڵاتە، ئەوەش بە ژمارەی پێوانەیی دادەنرێت.
گەڕانەکانی هەردوو کاندیدە سەرسەختەکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بە ویلایەتەکانی وڵاتەکەیاندا و کۆکردنەوەی دەنگ بەردەوامییان هەیە، ئامارەکانی ئەو وڵاتەش دەریانخستووە، تا دوێنێ شەممە 31ی تشرینی یەکەم 90 ملیۆن دەنگدەری ئەمریکی بەشداریی پێشوەختەیان لەو پرۆسەیەدا کردووە.
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، ژمارەی ئەو کەسانەی بەشدارییان لە دەنگدانی پێشوەختە کردووە 65%ی ئەو دەنگدەرانە پێکدەهێنن کە لە هەڵبژاردنی 2016ی ئەو وڵاتە بەشدارییان کردووە.
بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەمریکییەکان بە دوو ڕێگا پێشوەختە دەنگ دەدەن، ڕێگایەکیان لەڕێی نامەوەیەوە و ڕێگای دووەمیش چونە بنکەی دەنگدانە لە ناوچەکەی خۆیان.
وادەی فەرمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا 3ی تشرینی دووەمە و ئەو بەروارەش تەنها دوو ڕۆژی ماوە.