سەندێرز : پارتی کۆماریخواز بووە بە یەک فیرقە
سەناتۆری ویلایەتی ڤێرمۆنت وێڕای رەخنەگرتن لە هەوڵی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ، پارتی کۆماریخوازی بە فیرقەیەک ناوبرد .
بە پێی راپۆرتی ئیرنا ، بێرنی سەندێرز شەوی رابردوو لە بروسکەیەکی توویتەری دا نووسی : زۆر مایەی مخابنە کە سەرۆک کۆماری جێگیر بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەوڵ ئەدات . خراپتر لەوەش ئەوەیە کە پارتی کۆماریخواز چەند حاڵەتی لێ دەرچێ لە بارەی ئەم شاڵاورە زاڵمانە بۆسەر دیموکراسی بێدەنگە .
ئەم سەناتۆرەی ویلایەتی ڤێرمۆنت گوتیشی : پارتی کۆماری خواز ئیتر پارتێکی سیاسی نیە بەڵکوو یەک فیرقەیە .
بەپێی ئاماری کەناڵی فاکس نیوز ، بایدن 306 و ترەمپ 232 دەنگی ئەلەکترالیان بەدەستهێناوە . بایدن توانیویەتی ڕادەی پێوستی 270 دەنگ وەدست بێنێ و بە سەرۆکایەتی بگات .
بەمحاڵەوە ترەمپ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی قەبوڵ نەکردووە و خۆی بە براوەی هەڵبژاردن دەزانێ .