ئادار 22, 2021 17:21 Asia/Tehran
  • له‌ چەند پێتەخت و شاری گەورەی ئه‌وروپا خۆپیشاندان دژی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ کرا

لە زۆربەی شارەکانی ئەوروپا، خۆپیشاندان دژی سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستیپێکرد و له‌ به‌ریتانیاش توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکان کەوتەوە و دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیس سوتێنران و دوو پۆلیسیش بەسەختی برینداربوون.

لە راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس دا هاتووە، دژی سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە زۆربەی شارە گەورەکانی وڵاتە ئەوروپییەکان، بە تایبەت، لەندەن، بەرلین، ئەمستردام، ڤیەننا، سۆفیا و زیوریخ خۆپیشاندان ئەنجامدرا و پۆلیسیش رووبەڕووی خۆپیشاندەران بۆتەوە.

لە شاری بریستۆل لە باشووری رۆژئاوای بەریتانیاش، توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکان کەوتەوە و دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیس سوتێنران و دوو پۆلیسیش بەسەختی برینداربوون، دوای ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌رانی ئه‌و شاره‌‌ ره‌تیانده‌کره‌وه‌ ملکه‌چی رێککاره‌کانی که‌ره‌نتین بن.

خۆپیشانده‌ران هێرشیانکردۆ‌ته‌ سه‌ر بنکه‌ی پۆلیس، دوای ئه‌وه‌ی حکومه‌تی به‌ریتانیا پلانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خۆپیشانده‌رانی راگه‌یاند، ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ته‌وه‌ پۆلیس به‌ره‌نگاری ئه‌و که‌سانه‌‌ ببێتەوە، که‌ سه‌رپێچی رێکاره‌کانی خۆپارێزی و کەرەنتین ده‌که‌ن.

هه‌ندێک له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان ئاماژه‌یان به‌وه‌ کرد، له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ به‌ یاری ئاگرین ته‌قه‌یان لێکراوه‌، هەر بەو هۆیەوە ژماره‌یه‌ک پۆلیس بریندار بوون و بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شاری بریستۆل گوازراونه‌ته‌وه‌.

له‌ هۆڵه‌نداش 58 خۆپیشانده‌ر ده‌ستگیرکران، که‌ به‌هۆی رێککاره‌کانی که‌رنتین ناڕه‌زاییان ده‌بڕیوه، پۆلیس ئه‌و وڵاته‌ش دەڵێت، خۆپیشانده‌ران ره‌چاوی رێکاره‌کانی خۆپارێزییان نه‌کردووه‌ و له‌یه‌ک نزیکبوونه‌ته‌وه‌‌.

سەرپەیڤ