ته‌مووز 24, 2021 12:52 Asia/Tehran
  • بەلەمێکی کۆچبەران بە 45 سەرنشینەوە لە دەریای ئیجە نقوم بو ، 9 کەسیان بێ سەروشوێنن

بەلەمێکی کۆچبەران بە 45 سەرنشینەوە کە زۆرینەیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن لەدەریای ئیجە نقوم بوو تا ئێستا نۆ کەسیان بێ سەروشوێنن.

 

رەوا بابان نوێنەری یەکێتی لە یۆنان بە کوردسات نیوزی راگەیاند: ئێوارەی پێنج شەممە بەلەمێک بە 45 کۆچبەرەوە کە زۆرینەیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن لە تورکیاوە بەرەو یۆنان بەڕێکەوتون و لە نزیک دورگەی کریتی سەر بە یۆنان بەهۆی شەپۆلی ئاوەوە بەلەمەکەیان ژێر ئاو کەوتوە.

ناوبراو وتیشی: لەو 45 کۆچبەرە 9 کەسیان تا ئێستا بێسەروشوێنن و 36 کەسی تریشیان رزگارکراون، ژمارەیەک لە رزگارکراوەکانیش کوردی شارەکانی هەرێمن و تا ئێستا نازانرێت لەناو بێسەروشوێنەکان کورد هەیە یاخود نا.

نوێنەری یەکێتی لە یۆنان ئەوەشی خستووەتە ڕوو: گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکان بەردەوامەو ئەمڕۆش پۆلیسی دەریاوانی یۆنان بە کۆپتەرو کەشتی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە ئەنجام دەدات.

لە لایەکی دیکەوە دوای ئەوەی دوێنێ هەینی هەواڵی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران بڵاوکرایەوە کە ژمارەیان 45 کەس بووە و بەشێکی زۆریان هاوڵاتیان هەرێم بوون،  میدیاکانی یۆنان هەواڵی رزگارکردنی سەرنشینانی بەلەمەکەیان بڵاوکردەوە.

لەوبارەیەوە کەناڵی HxOnews یۆنانی دیمەنی  رزگارکردنی کۆچبەرانی دورگەی "کریتی" سەر بە یۆنانی بڵاوکردەوە و باسی لەوەکردوە، لەچوارچێوەی هەوڵەکانی هێزی دەریایی وڵاتەکەیان ئەمڕۆ لەهەڵمەتێکی فراواندا  30 کۆچبەر رزگارکراون.

سەرپەیڤ