خۆپیشاندانی شەوانەی جەماوەری ئەفغانستان دژی تالیبان، ھەل و مەرجەکە لە «پەنجشیر»دا بە قازانجی نەیارانی تالیبان شکاوەتەوە
جەماوەری ئەفغانستان شەوی دووشەممە لە سەر سێ شەممە لە ھێندێک لە شارەکانی ئەم وڵاتە لەوانە کابلۆڵل پێتەخت دژی تاقمی تالیبان دەستیان دایە خۆپیشاندان.
ئەم خۆپیشاندانە چەند کاژێرێک دوای ئەوەی کە «ئەحمەد مەسعود» فەرماندەری نەیارانی تالیبان لە ئەفغانستان داوای لەخەڵکی ئەم وڵاتە کرد کە ڕاپەڕینێکی گشتی دژی ئەم تاقمە بەرپاکەن، بەڕێوە چوو.
لەو گرتەگەلەی کە لە ناڕەزامەندییەکانی شاری کابۆل و مەزارشەریف لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، کۆمەڵێک لەخەڵک لە تاریکایی شەودا خەریکی ھەڵدانی دروشمی «بژی خۆڕاگری »و «نەمان بۆ پاکستان»ن.
ھەر لەم کاتەدا ھەواڵەکان لە ئەفغانستانەوە دەربڕی ئەوەن کە ھێندێک فڕۆکەی شەڕکەری نەناسراوی نیوە شەوی دووشەممە لە سەر سێ شەممە بنکەو بارەگای تالیبانیان لە ویلایەتی «پەنجشیر» کردووەتە ئامانج.
ھێشتا ڕوون نییە کە ئەو فڕۆکانە لە کامە وڵاتەوە ھەستاون و تاقمی تالیبانیان بوردومان کردووە، بەڵام شایەتحاڵانی خۆجێیی دەڵێن لە ئێستادا دۆخەکە بە قازانجی ھێزەکانی سەر بە «ئەحمەد مەسعود» لە ویلایەتی «پەنجشیر» شکاوەتەوە.