پەڕلەمانی فەڕەنسا بڕیاری تایبەت بە بەجینۆسایدناسینی کارەساتی ھەڵەبجەی پەسەند نەکرد
پەڕلەمانی فەڕەنسا ئەو پڕۆژە بڕیارەی پەسەند نەکرد، کە کۆمەڵکوژی و ئەنفالی کوردی بە جینۆساید ئەناساند و چاودێرێکی سیاسی دەڵێت: “دەرکەوت پرسی ناساندنی جینۆسایدی کوردستان لە ئەجندای سیاسی کورددا ئەولەویەتی نیە”.
ئەمڕۆ شەممە، پەڕلەمانی فەڕەنسا کۆبووەوە و پڕۆژە بڕیارێک تایبەت بە (بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی و ئەنفالی هاووڵاتیانی کورد) خستە دەنگدانەوە، سەرەڕای ئەوەی حزبی باڵادەستی ئەو وڵاتە (حزبەکەی ماکرۆن) بەشداری دەنگدانی نەکرد، بۆیە لە کۆی 27 پەڕلەمانتار، 17 پەڕلەمانتار ڕەتی کردەوە و 10 پەڕلەمانتار دەنگیان پێدا، بەمەش پڕۆژەکە پەسەند نەکرا.
سالار مەحمود، ئەندامی پێشووی پەڕلەمانی کوردستان و چاودێری سیاسی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئامادەکردنی پڕۆژە بڕیاری ناساندنی کۆمەڵکوژی کورد لە کوردستانی عیراق وەک ھەوڵێک بۆ ناساندن، گرنگ بوو. لەوەش گرنگتر چووە ناو بەرنامەی کاری پەرلەمان و خرایە دەنگدانەوە، بەڵام دەنگی پێویستی نەھێناو نەبوو بە بڕیار.
جەختیشی کردۆتەوە، پێویستە دیراسەی ھۆکارەکانی پشتگیری نەکردنی پڕۆژەکە لەلایەن ئەوانی ترەوە بکرێت لەگەڵ بەردەوامی دان بە پەیوەندی و هاوسۆزی لەگەڵ ئەوانەی دەنگیان پێداوە.
سالار مەحمود ڕوونیشی کردۆتەوە، ئەم ھەوڵە گرنگەی درا و ئاکامی نەبوو لەم قۆناغە با ببێتە دەرفەتی بەھۆشداریدان بە حکومەتی ھەرێم و حزبەکان بۆ دەستپێکی قۆناغێکی نوێی کارکردن لەسەر بە جیھان ناساندنی جینۆسایدی کورد، چونکە ئەم پرسە چارەنووسسازە ھەرگیز کۆن نابێ. جینۆساید تاوانی نێودەوڵەتیە و یاسای نێودەوڵەتی ھەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی.