بانکی نێودەوڵەتی بەبڕی 280 ملیۆن دۆلار هاوکاریی ئەفغانستان دەکات
بانکی نێودەوڵەتی ئاشکرایکرد، بەمەبەستی دووبارە بونیادنانەوەی ئەفغانستان، وڵاتانی خاوەن پشک بڕیاریانداوە بە بەخشینی بڕی 280 ملیۆن دۆلار بە ڕێکخراوی منداڵانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان “یونسێف” و بەرنامەی خۆراکی جیهانی بۆ بوارەکانی خۆراک و تەندروستیی ئەو وڵاتە.
لە ڕاگەیەندراوێکی بانکی نێودەوڵەتیدا کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، “ئەوە هەنگاوی یەکەمە لە دابینکردنی هاوکاری بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئەفغانستان و هاوکاریی مرۆیی بۆ گەلی ئەفغانستان لەم کاتەدا کە تووشی دۆخێکی خراپ بووە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو چێوەیەدا بەرنامەی خۆراکی جیهانی بڕی 180 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاسایشی خۆراک لە ئەفغانستان و ڕێکخراوی یونسێف-یش بڕی 100 ملیۆن دۆلاری بۆ پێداویستییە تەندروستییە بنەڕەتییەکان دابینکردووە.
لە 15ی مانگی ئابدا بزوتنەوەی تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کرد و چەکدارەکانی دەستیان بەسەر سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی ئەو وڵاتەدا گرت، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەو وڵاتەیان بەجێهێشت.
بانکی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنانەت پێش کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکەش لەلایەن تاڵیبانەوە، نزیکەی 18 ملیۆن کەس، کە دەکاتە نیوەی دانیشتووانەکەی پشتیان بە هاوکارییەکان بەستبوو، دوای دروستبوونی قەیرانی نەبوونی نەختینە و خۆراک و وشکەساڵی، ئەو ژمارەیە بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.