کانونی یه‌که‌م 19, 2021 11:45 Asia/Tehran
  • رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی بۆ پاڵپشتیی ئەفغانستان کۆدەبنەوە

بە ئامادە بوونی وەزیری دەرەوەی ئێران ، ئەمڕۆ یەکشەممە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان ‏کۆدەبێتەوە ، بەمەبەستی هاوکاریکردنی ئەفغانستان بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی تێیکەوتووە، ‏کۆنگرەکە یەکەم تاقیکردنەوەی دەسەڵاتەکەی تاڵیبانە لەسەر ئاستی دەرەکی.‏

کۆنگرەکەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، کە لە 57 دەوڵەت پێکهاتوون و زۆرینەیان ‏وڵاتانی موسوڵمانن، بە یەکەم کۆنگرەی بەرفراوانی وڵاتان دادەنرێت تایبەت بە دۆخی ‏ئەفغانستان لەدوای گرتنەوەدەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە.‏

لەدوای گەڕانەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان، وڵاتان ملیاران دۆلاری ‏هاوکاریکردنی ئەو وڵاتەیان ڕاگرت، ئەمەش مەترسیی دروستبوونی کارەساتی مرۆیی ‏لەو وڵاتەدا دروستکردووە، بەتایبەت لە وەرزی زستاندا.‏

نەتەوە یەکگرتووەکان پێیوایە “ئەفغانستان ڕووبەڕووی خراپترین کارەساتی مرۆیی ‏دەبێتەوە لە جیهاندا”، هەروەها بەرنامەی خۆراکی جیهانیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ‏‏(‏WFP‏) هۆشداریی ئەگەری برسێتییەکی مەترسیدار دەدات لە ئەفغانستان. ‏

ئەمیر خان موتەقی، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان لەناو نوێنەری ئەو وڵاتانەدا دەبێت کە ‏لە کۆنگرەکەدا ئامادەن، سەرەڕای نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا، ‏ئەمریکا، ڕوسیا و چین، ئەمە لەکاتێکدا تائێستا ئەو وڵاتانە دانیاننەناوە بە حکومەتەکەی ‏تاڵیباندا.‏

سەرپەیڤ