وەزیرانی دەرەوەی روسیا و ئۆکراین لە ئانتالیا کۆدەبنەوە
بڕیارە رۆژی 11 تاوەکو 13ی ئەم مانگە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتاڵیا لە تورکیا بەڕێوەبچێت، لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆکراین بانگهێشتکراون.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و دمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراین لە ئانتاڵیا بە بەشداری مەولود چاوش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکەدا کۆدەبنەوە.
دوای دروستبوونی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراین، ئەوە دەبێتە یەکەم کۆبوونەوە لە ئاستێکی باڵا لە نێوان ئەو دوو وڵاتە. پێشتر دوو جار لە بێلاڕووسیا هەردوو وڵات کۆبوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکانیان بێ ئەنجام بوو.
رووسیا بەردەوامە لە پێشڕەوییەکانی، تاوەکو ئێستا توانیویەتی خێرسۆن کۆنترۆڵ بکات، هەروەها لە خارکیڤ و کیێڤ کە دوو گەورەترین شاری ئۆکراینان نزیکبوونەتەوە.
روسیا بەشێوەیەکی بەردەوام بۆردوومانی ماریۆپۆل دەکات و ئامانجی ئەوەیە کە بە کۆنترۆڵکردنی ئەو شارە و ئۆدێسا، ئۆکراینا لە دەریای رەش داببڕێت.