روسیا مەرجەکانی خۆی بۆ راگرتنی شەڕ راگەیاند
دیمتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کرملین ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئۆکراینی ئاگادارکردووە کە لە هەر ساتێک دا بێت کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکە دەهێنێت، گەر کێیڤ بە مەرجەکانی مۆسکۆ ڕازیی ببێت.
پیسکۆڤ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”ڕوسیا داوا لە ئۆکراین دەکات، چالاکییە سەربازییەکانی ڕابگرێت و ڕەوشی بێلایەنیی دەستوری خۆی جێگیر بکات و دان بە سەروەریی ڕوسیادا بنێت بەسەر نیمچە دوورگەی کریمیا، لەگەڵ داننانی بە سەربەخۆیی هەردوو کۆماری دۆنێتسک و لۆگانسک”.
بە وتەی وتەبێژی کرملین”دەبێت گۆڕانکاریی لە دەستوردا بکەن و ئۆکراین واز لە خواستی بوونە بە ئەندام بهێنێت لە هەر هاوپەیمانییەک”.
دیمتری پیسکۆڤ دەڵێت”بە نوێنەرانی ئۆکراین ڕاگەیەندراوە کە دەبێت دان بە کریمیادا بنێن وەک خاکی ڕوسیا، دەبێت دان بە هەردوو کۆماری دۆنێتسک و لۆگانسک دا بنێن وەک دوو دەوڵەتی سەربەخۆ، لەپاش جێبەجێکردنی ئەم داواکارییانە دەکرێت شەڕ لە هەر ساتێکدا بێت بوەستێت”.