پەرلەمانی پاکستان متمانەی لە «عیمران خان» سەندەوە
دوای چەندین حەوتە گێرەوکێشەی سیاسی لە پاکستان، سەرەنجام نوێنەرانی نەیاری پارتی دەستەڵاتدار لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە توانییان گەڵاڵەی سەندنەوەی متمانە لە دەوڵەتی «عیمران خان»ی سەرۆک وەزیرانی پاکستان تێ پەڕێنن.
کۆبوونەوەی دەنگ وەرگرتن بۆ سەندنەوەی متمانە لە سەرۆک وەزیرانی پاکستان کە لە بەیانیی ڕۆژی شەممە لە پەرلەمانی پاکستان دەستی پێ کرابوو، سەرەنجام دوای چەند جارێک پەک کەوتن، شەوی شەممە لە سەر یەکشەممە بەرپا کرا.
نوێنەرانی بەرەی ھاوبەشی ئۆپۆزیسیۆنی پاکستان داگری لایەنەکانی «موسلم لیگ» لقی نەواز، پارتی جەماوەر، کۆمەڵەی زانایانی موسڵمان، پارتی عەوامی بەلوچستان، پارتی کۆماری خوازی نیشتیمان و پارتی نیشتیمانیی عەوام لە ڕەوتی دەنگدان بە گەڵاڵەی سەندنەوەی متمانە لە سەرۆک وەزیرانی پاکستان، بەشدارییان ھەبوو.
لە دەنگوەرگرتنەکەدا ١٧٤ نوێنەر دەنگی ئەرێنییان دا بە گەڵاڵەی سەندنەوەی متمانە لە سەرۆک وەزیرانی پاکستان و ١١٠ نوێنەریش دەنگی نەرێنییان دایە.
ئا بەمجۆرە دوایین قۆناغی کودەتای نەرمی سیاسیی ئەمریکاو عەرەبستان دژی دەوڵەتی پاکستان واتە وەلانانی «عیمران خان» بە ئەنجام گەییشت.
«عیمران خان» پێشتر لە توییتێردا ڕایگەیاند بوو کە، لە بەر سیاسەتی دەرەوەیی سەربەخۆی و ڕەزامەند نەبوونی بە دامەزرانی بنکەی بیانی لە خاکی وڵاتەکەی، کەوتووەتە بەر ئامانجی پیلانی ئەمریکا بۆ لە دەستەڵات لادانی.
بەرلە دەستپێکی دەنگوەرگرتن لە پەرلەمانی پاکستان بۆ ھێنانەئارای گەڵاڵەی سەندنەوەی متمانە لە دەوڵەتی «عیمران خان»، «ئەسەد قەیسەر» سەرۆکی پەرلەمانی ئەم وڵاتە و «قاسم خان سوری» جێگری سەرۆکی پەرلەمان وازیان لە پۆستەکانیان ھێنا.
«ئەسەد قەیسەر» سەرۆکی پەرلەمانی پاکستان شەوی یەکشەممە لە لێدوانێکدا وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە پابەندی یاسای بنەڕەتیی پاکستانە، جەختی لەوەش کردەوە کە، بە سەرنجدانی ئەو ڕەوشتەی وا لە سای دەستوەردانی بیانی لە کاروباری نێوخۆیی وڵات ھاتووەتە پێشەوە، واز لە پۆستەکەی دێنێ.
لەپاش ئەوەی کە پەرلەمانی پاکستان متمانەی لە «عیمران خان» سەندەوە، «خالید جاوید خان» دادئەستێنی گشتیی پاکستانیش لە پۆستەکەی کشایەوە.
لە ئێستادا ھەزاران کەس لە لایەنگرانی «عیمران خان» ڕژاونەتە نێو شەقامەکانی شاری «لاھوور»ەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممەش بڕیار وایە خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە پاکستاندا بۆ داکۆکی لە «عیمران خان» بەرپا بکرێت.
ھاوکات میدیاکانی پاکستانیش ڕایانگەیاندووە، تەواوی فڕگەکانی ئەم وڵاتە لە ئامادەباشیی تۆکمەوتەواودان و کاربەدەستانی دەوڵەت بۆیان نییە بە بێ مۆڵەت وڵات بەجێ بێڵن.
دیوانی باڵای پاکستان پێشتر ھەتا کۆتایی ڕۆژی شەممە دەرفەتی بە پەرلەمانی ئەم وڵاتە دابوو کە دەنگوەرگرتن بۆ سەندنەوەی متمانە لە سەرۆک وەزیران ئەنجام بدات.
دیوانی باڵای پاکستان ماوەیەک لەمەپێش بە بڕیاری بەتاڵ کردنەوەی حوکمی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کە لە لایەن «عاریف عەلەوی» سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە دەرکرا بوو، فەرمانی بەرپاکرانی خێرای کۆبوونەوەی فەرمیی ئەنجومەنی نیشتیمانیی لە ڕۆژی نۆھەمی ئاپریل دەرکرد بوو.
لە کاتی سەربەخۆیی وەرگرتنی پاکستانەوە ھەتا ئێستا ھیچ دەوڵەتێک لەم وڵاتەدا نەیتوانیوە خولی یاسایی پێنج ساڵەی خۆی تەواو کات.