سوپای پاکستان هێرشێکی ئاسمانیی قورسی کردە سەر رۆژهەڵاتی ئەفغانستان
فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانی سوپای پاکستان هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگاکانی خۆست، کۆنەر و پەکتیکای ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان.
دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی چەکدارانی تاڵیبانی پاکستان بۆ سەر پێگەی هێزەکانی پاکستان، بەشێک لە ناوچە سنورییەکانی پارێزگاکانی خۆست، کۆنەر و پەکتیکا ی ئەفغانستان لەلایەن تۆپخانەکان و فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای پاکستانەوە هێرشیان کرایە سەر.
دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، هێزە چەکدارەکانی تاڵیبانی پاکستان خاکی ئەو وڵاتە بۆ ئامادەکاری هێرشەکانیان لە دژی سوپا و حکومەتی پاکستان بەکاردێنن.
هەر بۆیە سوپای پاکستان چەندین جار پێگەکانی ئەو چەکدارانەیان له خاکی ئەفغانستان کردۆتەوە ئامانج.
لە نێو ئەو هێرشانەدا، ئۆپەراسیۆنەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەکرێت یەکەم وەڵامی بەرفراوان و جددی پاکستان بۆ ئامادەبوون و جموجۆڵەکانی هێزە چەکدارەکانی تاڵیبانی پاکستان لە ناو خاکی ئەفغانستان بێت.
لە هێرشەکانی ئەم دواییەی تاڵیبانی پاکستان لە ناوچەکانی سنووری ئیشم و باجاور ٩ سەربازی پاکستانی کوژران و ٤ی دیکەش بریندار بوون. هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە گروپە جوداخوازەکانی بەلوچستانیش پێگەکانی سوپای پاکستانیان لە شارەکانی نوشکی و بۆلان کردۆتەوە ئامانج.
تا ئێستا تاڵیبانی ئەفغانستان هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی بۆ ئەو هێرشانە نەبووە. بەڵام سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاندووە، کە تۆپخانەکانی تاڵیبان هێرشیان کردووتە سەر پاسەوانانی سنووری سوپای پاکستان و هەروەها ئۆتۆمبێلی سەربازییشیان بۆ ناوچە سنوورییەکان ناردووە.