ئەگەری وەستانی بەتەواوەتی هەناردەی گازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رایگەیاند، رەنگە رووسیا هەناردەی گاز بۆ ئەوروپا بە تەواوی ببڕێت، لەکاتێکدا هەوڵدەدات هێڵی سیاسی خۆی لەنێو قەیرانی ئۆکرانیا بەهێز بکات.
دوابەدوای دابەزینی هاوردەی گازی ئەوروپا لە ڕوسیاوە، دووشەممە نرخی گازی سروشتی بۆ هەر مێگاوات سەعات لە ئەوروپا بەڕێژەی 5.87% بەرزبووەوە. زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا بەدوای بەدیلێکی مومکین بۆ گازی سروشتی ڕووسیادا دەگەڕێن.
فاتح بیروڵ بەڕێوەبەری کارگێڕیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕەفتارەی ئەم دواییە، من ڕەتی ناکەمەوە کە ڕووسیا بەدوای دۆزینەوەی پرسە جیاوازەکان لێرە و لەوێ و بەدەستهێنانی بیانوویەک بۆ کەمکردنەوەی زیاتری ناردنی گاز بۆ ئەوروپا و تەنانەت وەستانی بە تەواوەتی گاز بێت ".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەبەر ئەم هۆکارە ئەوروپا پێویستی بە پلانی خێرا وئامادەکاریی هەیە".
دوای کەمبوونەوەی هاوردەکردن لە ڕووسیا و هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی گازی سروشتی ، وڵاتانی ئەوروپا ڕوو لە سووتەمەنی بەردینی دیکە دەکەن، لەوانە خەڵوز.