ڕەتکردنەوەی بەڵێنی سوید بۆ ڕادەستکردنەوەی ٧٣ کەس بە تورکیا
سەرۆک وەزیرانی سوید ئیدیعای ئەردۆغانی ڕەتکردەوە کە گوتبووی "ستۆکهۆڵم بە ڕادەستکردنەوەی ٧٣ تیرۆریست ڕازی بووە" و ڕایگەیاند کە ئێمە هیچ بەڵێنێکمان نەداوە بۆ ڕادەستکردنەوەی خەڵک.
پێش کۆبوونەوەی ناتۆ لە مەدرید، سوید و فینلاند رێککەوتن لەسەر ئەوەی بە واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ تورکیا پێداچوونەوە بە داواکاری ئەنقەرەدا بکەن بۆ رادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی کە تورکیا بە "تیرۆریست" ناویان دەبات.
نەک هەر سوید و فینلاند لە یاداشتنامەکەیان لەگەڵ تورکیادا هیچ بەڵێنێکیان بە ڕادەستکردنەوەی تاکەکان نەداوە؛ بەڵکو هەمیشە ڕایانگەیاندووە کە ئەم پرۆسەیە بەندە بە دەنگی دادگا سەربەخۆکانەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، رۆژی یەکشەممە ماگدالینا ئەندەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: من ٨ ساڵە وەزیرم و هەرگیز باسم لەوە نەکردووە کە لەسەر مێزی دانوستانەکان گوتراوە.
لە هەمان کاتدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پێنجشەممەی رابردوو لە کۆتایی لوتکەی ناتۆ لە مەدرید باسی لە "بەڵێنی سوید" کرد بۆ رادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی کە ئەنقەرە بە "تیرۆریست" ناویان دەبات و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەنقەرە پابەند نابێت ئەگەر ئەو پارتە پابەند نەبێت بە بەڵێنەکانی و ڕێگری دەکات لە ئەندامێتی ستۆکهۆڵم لە ناتۆدا.