دۆزرانەوەی بەملوێنان روپیە پارەی نەخت لە شوێنی حەوانەوەی سەرۆک کۆماری سریلانکا
میدیا هەواڵییەکان ڕاپۆریان دا؛ ناڕازییانی سریلانکایی لە شوێنی حەوانەوەی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، بەملوێنان روپیە پارەی نەختیان دۆزیوەتەوە.
میدیا خۆجێیەکان ڕایانگەیاند کە ئەو ناڕازییانەی رۆژی شەممە لە سەروبەندی خراپترین قەیرانی ئابوریی سریلانکا هێرشیان کردەسەر ماڵی"گوتابایا راجاپاکسا"ی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، وتوویانە کە بڕەپارەیەکی زۆر لەو بینایە دۆزراوەتەوە.
لە گرتەڤیدیۆیەکی بڵاوبۆوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ناڕازییانی سریلانکایی خەریکی ژماردنی ئەو پارەیەن کە دەگوترێ لەشوێنی حەوانەوەی فەرمیی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە دەسکەوتووە.
ناڕازییانی سریلانکایی رۆژی شەممە هێرشیان کردەسەر ماڵەکانی رانیل ویکرام سینگ سەرۆک وەزیران و گوتابایا راجاپاکسا ی سەرۆک کۆماری سریلانکا لە کۆلۆمبۆی پایتەختی ئەو وڵاتەو بینای سەرۆک وەزیریان سوتاند و پاشانیش کۆشکی سەرۆک کۆماری سریلانکایان داگیرکرد.