وشکەساڵی و بەدخۆراکی تەنگی بە ئەفریقا هەڵچنیوە
بەرنامەی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە هەرەسهێنانی ئاسایشی خۆراک و ڕایگەیاندووە، تا مانگی ئەیلولی داهاتوو 22 ملیۆن ئەفریقی مەترسیی برسێتییان لەسەرە و ئەوەش لە 40 ساڵی ڕابردوودا ڕووینەداوە.
ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی باس لەوە دەکات، وشکبوونەوە و کەمخۆراکی ئاستی پێوانەییان تێپەڕاندووە، بەجۆرێک خراپترین دۆخە لەماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی وشکبوونەوەوە و کەمبارانی لە چوار وەرزی ڕابردوودا ملیۆنان ماسی لەناوچوون و کشتوکاڵ لەو ناوچانە بێبەرهەم بوون، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بەهۆی برسێتی و نەبوونی ئاوەوە ناوچەکانیان جێهێشتووە.
ڕێکخراوەکە پێشبینیی ئەوە دەکات تا مانگی ئەیلولی داهاتوو، برسێتیی لە ئەفریقا هەڕەشە لە 22 ملیۆن کەس دەکات.
هەروەها ژمارەکە بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە ئەگەر لە مانگەکانی تشرینی یەکەم تا کانونی یەکەمی ئەمساڵ ڕێژەیەکی باشی باران نەبارێت، برسێتی دەبێتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار لەسەر ئەو ناوچانە.
لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕێکخراوەکە هۆشداریدا لەوەی لەمساڵدا 13 ملیۆن کەس ڕووبەڕووی برسێتیی توند دەبنەوە، بەڵام بەهۆی شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا، بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و وزە ژمارەکە بۆ 20 ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە و تا مانگی ئەیلولیش دەگاتە 22 ملیۆن.
بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی تا کۆتایی ئەمساڵ بڕی 418 ملیۆن دۆلار بۆ ڕزگارکردنی ئەفریقا لە برسێتی پێویستە.