بزووتنەوەی تاڵیبان 23 ملیۆن ماڵپەڕی بلۆک کردووە
لە ماوەی یەک ساڵی دەسەڵاتیدا، بزووتنەوەی تاڵیبان، زیاتر لە 23 ملیۆن ماڵپەڕی لە ئەفغانستان بلۆک کردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تاڵیبان پێیوایە ئەو ماڵپەڕانە بابەت و هەواڵی "نەشیاو" بڵاودەکەنەوە.
رۆژی 25ی ئابی 2022، نەجیبوڵڵا حەقانی، وەزیری راگەیاندنی بزووتنەوەی تاڵیبان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی دا ئاشکرای کرد، بزووتنەوەکەیان لەو کاتەی گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، زیاتر لە 23 ملیۆن و 400 هەزار ماڵپەڕی بلۆک کردووە، لەسەر ئەو بابەتە "نەشیاوانەی" لەو ماڵپەڕانە بڵاودەکرێنەوە، کە لەگەڵ سیاسەتی بزووتنەوەکە ناگونجێن.
وەزیرەکەی تاڵیبان دەشڵێت، هەندێک لە ماڵپەڕەکان کاتێک بلۆک دەکرێن، ناوی خۆیان دەگۆڕن و بەناوێکی جیاواز کاردەکەن، هەربۆیە ژمارەی ماڵپەڕە بلۆککراوەکانی نێو ئەفغانستان لەو ماوەیەدا زۆر بوون.
لەلایەکی دیکەوە، لە هەمان کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا، جێگری وەزیری راگەیاندنی ئەفغانستان، ئەحمەد مەسعود لەتیف رای، رەخنەی زۆری لە فەیسبووک گرت بەوەی ئامادە نییە مامەڵە لەگەڵ تاڵیباندا بکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بابەتانەی لە فەیسبووک لەنێو ئەفغانستان بڵاودەکرێنەوە.
لە 15ی ئابی ساڵی رابردووەوە، لەدوای کشانەوەی لەناکاوی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و شکستی حکومەتی ئەفغانستان، بزووتنەوەی تاڵیبان گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات و لەو کاتەوەشەوە ئەفغانستان رووبەڕووی قەیرانی ئابووری و مرۆیی بووەتەوە.
لە پاش گەڕانەوەی بزووتنەوەکە بە هەزاران ئەفغانی ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە و بەگوێرەی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، تاڵیبان بە هەزاران پێشێلکاریی کردووە بەتایبەتی بەرامبەر ئافرەتان.