کانونی دوھەم 11, 2023 22:27 Asia/Tehran
  • تەقینەوەی کابول ٢٠ کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە

لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە نزیک بینای وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی تالیبان لە کابول، لانیکەم ٢٠ کەس کوژران و بریندار بوون.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ئەفغانستان، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە نزیک وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی تالیبان لانیکەم ٧ کەس گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. سەرچاوە ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن کە دەنگی تەقە لە شوێنی ڕووداوەکەش بیستراوە.

تەقینەوەکە لەکاتێکدا ڕوویداوە کە فەرمانبەرانی وەزارەتی  دەرەوە خەریکی بە بەجێ هێڵانی شوێنی کارەکەیان بوونە.

«خالید زادران»، وتەبێژی سەرکردایەتیی پۆلیسی کابول لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی: تەقینەوەکەی ئەمڕۆ نزیکەی کاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆ لەبەردەم بینای وەزارەتی دەرەوە ڕوویداوە کە بەداخەوە زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس وای بڵاو کردەوە کە لە ئەنجامی ئەم تەقینەوەیەدا 20 کەس کوژراون و یان برینداربوونە، کەناڵی ئەلجەزیرەش ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا 7 کەس لەم ڕووداوەدا کوژراون.

ئەفغانستان دوای ئەوەی تالیبان دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، تەقینەوە و هێرشی تیرۆریستی لە ناوچە جیاجیاکانی ئەم وڵاتە بە خۆیەوە دەبینێت کە بەهۆیەوە سەدان کەس کوژراون و بریندار بوونە. زۆربەی ئەو تەقینەوانە لە لایەن تاقمی تیرۆریستی داعشەوە ئەنجام دراون. تەقینەوەی تیرۆریستی لە ناوچە جیاجیاکانی ئەفغانستان نیشان دەدات کە بە پێچەوانەی بانگەشەی حکومەتی کاتی تالیبان لە ئەفغانستان، ئەم حکومەتە نەیتوانیوە ئاسایشی پێویست لەو وڵاتەدا جێگیر بکات.

سەرپەیڤ