بەڕێوەبرانی دیدار و کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لە نێوان وەزیرانی بەرگریی ئێران، ڕووسیا، سووریا و تورکیا
وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ئەنجامدانی چەند دیدار و کۆبوونەوەی دوو قۆڵیی لە نێوان وەزیرانی بەرگریی ئەم وڵاتە، کۆماری ئیسلامی ئێران، سوریا و تورکیا لە مۆسکۆ ڕاگەیاند.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی سپۆتنیک،وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا لەم بەیاننامەیەدا ڕایگەیاند، "سێرگەی شویگو"، وەزیری بەرگریی ئەم وڵاتە، چەند دیدارێکی لەگەڵ "ئەمیری سەرتیپ محەممەد ڕەزا ئاشتیانی"، "عەلی مەحمود عەباس" و "خۆلۆسی ئاکار"، وەزیرانی بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، سووریاو تورکیا لە مۆسکۆ ئەنجامداوەو لە میانەی دا سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکانی جیهان و ناوچەکە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە لە کۆبوونەوەی دووقۆڵیی نێوان وەزیرانی بەرگریی ڕووسیا، کۆماری ئیسلامی ئێران، سووریا و تورکیا لە مۆسکۆ، بابەتگەلێکی جۆربەجۆر تاوتوێ کراون، لەوانە دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ.
ڕووسیا لە کاتێکدا جارێکی دیکە میوانداریی وەزیرانی بەرگریی هەرسێ وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، تورکیا و سوریای کردووە، کە هەوڵ دەدەن ئەو ڕۆڵە لە بارەی تورکیاو سوریاوە بگێڕن کە چین لە مەڕ بوژاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستاندا گێڕاویەتی.