نیگەرانیی وەزیرانی ئابووریی ئەپێک لە پەرەسەندنی شەڕی غەززە
وەزیرانی ئابووریی کۆڕی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا- ئۆقیانووسییە لە کۆبوونەوەی سان فرانسیسکۆ پێیانداگرت کە پەرەسەندنی شەڕی غەززە، مەترسییەکی قورسە لە سەر ئابووریی جیهانی.
«جەنێت یەلێن» وەزیری دارایی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وەزیرانی ئابوریی و دارایی وڵاتانی کۆمەڵی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا- ئۆقیانووسییە (ئەپێک) لە کۆبوونەوەکەی ئەمدوایییان گەیشتنە تەبایی لەسەر ئەوەی کە پەرەسەندنی شەڕی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسییەکی قورسە لە سەر ئابووریی جیهانی.
وەزیری دارایی ئەمریکا پاش کۆبوونەوەی وەزیرانی ئابووریی ئەپێک لە کۆڕی هەواڵنێراندا وتی: پێم وایە هەڵوێستێکی هاوبەشمان هەیە لەسەر گرینگایەتیی هەوڵدانمان بۆ کۆنترۆڵ کردنی شەڕی نێوان ئیسراییل و بزووتنەوەی فەلەستینیی حەماس بۆ ئەوەی نەبێتە شەڕێکی ناوچەیی.
یەلێن لە درێژەدا جەختی کرد کە بێتوو ئەوە بقەومێ، دەتوانێ مەترسییەک بێ لەسەر ئاسۆی ئابووریی جیهانی کە هەموومان نیگەران دەکات.
ڕۆژی دووشەممە لە سەروبەندی کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی ئەندامی کۆمەڵی هاریکاریی ئابووریی ئاسیا- ئۆقیانووسییە ناسراو بە ئەپێک، لە سانفرانسیسکۆی ئەمریکادا هەزاران کەس لە پشتیوانانی فەلەستین بە کۆبوونەوە لە شەقامەکانی ئەم شارە و شەرمەزار کردنی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی لە کەرتی غەززە، خوازیاری دامەزرانی خێرای ئاگربڕ لە غەززە بوون. ناڕازییان بە درووشمی وەک "ئەپێک؛ نا بێژە بە ژینۆساید" و "غەززە ئازاد کەن"، خوازیاری کۆتایی هاتنی شەڕەکەی ڕژێمی زایۆنی دژ بە خەڵکی بێ تاوانی غەززە بوون. هەژمارێکی زۆر لە شاروومەندانی کەنەدایش بۆ پشتیوانی لە خەڵکی غەززە ڕژانە سەر شەقامەکانی مۆنتراڵەوە دەستیان دایە ئیدانە کردنی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی. هاوکات خەڵکی چەندین شاری دیکەی جیهانیش بۆ پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین و نەیارەتی کردنی شەڕی ڕژێمی زایۆنی دژ بە غەززە، هاتنە سەر شەقامەکانەوە.
ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ـیش ڕایگەیاند کە یادداشتێکی حکومەتی ئەمریکای گەیشتۆتە دەست کە پیشاندن دەدات ١٠٠ فەرمانبەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوایان لە سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە کردووە پێداچوونەوە بکات بە سەر سیاسەتەکانی بەرامبەر بە ڕژێمی زایۆنی و شەڕی غەززە و داوای دامەزرانی ئاگربڕی خێرا بکات.