تشرینی دووه‌م 22, 2023 16:00 Asia/Tehran

ناڕازییانی پشتیوانی فەلەستین بە درێژەپێدانی پەلامارە مەرگهێنەکانی ڕژێمی زایۆنی دژ بە خەڵکی مەدەنی فەلەستین بەتایبەت دانیشتووانی غەززە، لە شارەکانی سەرانسەری جیهان دیسان ڕژانە سەر شەقامەکانەوە بۆ شەرمەزار کردنی پەلامارەکانی زایۆنییەکان.

ناڕازییان لە ڤینیپێگ، لە شارە گەورەکانی کەنەدا و ناوەندی پارێزگای مەنیتووبا لەم وڵاتە، بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەک خوازیاری دامەزرانی ئاگربڕ لە غەززە بوون. بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوەیە پێشیان گرت بە کار کردنی هێڵی ئاسنەڕێی نیشتمانیی کەنەدا کە بەنیازی گواستنەوەی کەلوپەلی بەرهەمی ڕژێمی زایۆنی بوو. لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا لایەنگرانی فەلەستین لە تۆرێنتۆی کەنەدا، هاواری ئیتیفازەیان بڵاو کردەوە. هەروەها خۆپیشاندانی بەربڵاو لە سانتیاگۆی پێتەختی شیلی بۆ دەربڕینی پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین و خۆڕاگریی بەرامبەر بە داگیرکاری و شەرمەزارکردنی پەلامار و کوشتارەکانی داگیرکەرانی ئیسراییلی دژ بە خەڵکی فەلەستین بەڕێوەچوو و ناڕازییان ئاڵای فەلەستینییان بە دەستەوە بوو. خەڵکی سانتیاگۆ درووشمیان دەدا و خوازیاری کۆتایی هاتنی کوشت و کوشارەکەی داگیرکەران دژ بە فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە و لێواری ڕۆژاوا بوون.

لە واشینگتۆنیش و لەبەردەم کۆشکی سپی دەیان ناڕازی بۆ شەرمەزار کردنی دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی دژ بە غەززە و بۆ پشتیوانی لە گەلی فەلەستین خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد. ئەوان لافیتەگەلێکیان بە دەستەوە بوو کە لەسەریان نووسراوبوو خوازیاری کۆتایی هاتنی شەڕن و پشتیوانییەکانی ئەمریکا لە ژینۆسایدی فەلەستینییەکان بە دەستی ڕژێمی ئیسراییل شەرمەزار دەکەن. ناڕازییانی ئەمریکایی هەروەها خۆیان گەیاندە بەردەم کۆنسوڵخانەی ڕژێمی زایۆنی لە لۆس ئانجلێس و هاوسۆزیی خۆیان بەرامبەر بە خەڵکی غەززە دەربڕی. هەروەها سەدان هەزار خۆپیشاندەر لە وڵاتانی ئەندونیزیا، ئوسترالیا، مالیزیا و تونس وڵاتانی دیکە خوازیاری کۆتایی هاتنی کوشت و کوشتاری فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە بوون. شەڕی نێوان هێزەکانی خۆڕاگری و جەنایەتکارانی زایۆنی لە کاتێکدا پێی ناوەتە چل و هەشتەمین ڕۆژی خۆیەوە کە بۆردومان کرانی ناوچە ئاوەدانەکان، نەخۆشخانەکان و خوێندنگەکانی غەززە هەر بەردەوامە. ناوەندی راگەیاندنی حکومی لە کەرتی غەززە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند؛ ژماری شەهیدانی دەسدرێژییەکەی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە گەیشتۆتە زیاتر لە ١٣٣٣٨ کەس و ژماری بریندارانیش سنووری ٣١ هەزار کەسی  تێپەراندووە. 

سەرپەیڤ