داخوازی سەرانی بریکس بۆ دامەزرانی ئاگربڕی خێرا لە غەززە
سەرانی وڵاتانی ئەندامی گرووپی بریکس ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەیاندا، خوازیاری دامەزرانی ئاگربڕی خێرا لە غەززە بوون.
لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی ئەندامی گرووپی بریکس هاتووە: ئێمە خوازیاری دامەزرانی ئاگربڕێکی خێرای مرۆڤدۆستانە، بەهێز و پاوەجێین کە ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕ و دوژمنایەتی و دامەزرانی ئاشتی و ئاسایش لە کەرتی غەززە بە پێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان. سەرانی وڵاتانی گرووپی بریکس لەم بەیاننامەیەدا خوازیاری ئەنجامدرانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفاف بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بوون سەبارەت بەو جەنایەتە جەنگییانەی لە کەرتی غەززە کراوە و پێیان داگرت: ڕەوشی نالەباری مرۆیی بەتایبەت لە کەرتی غەززە و هەروەها ناوچە فەلەستینییە داگیرکراوەکان جێی نیگەرانییە.
سەرانی وڵاتانی گرووپی بریکس لە کۆتاییدا بە ئیدانەکردنی هەرچەشنە کۆچاندنی بەزۆرەملیی تاکەکەسی و یان بەکۆمەڵی فەلەستینییەکان لە خاکی خۆیان چ بۆ نێو غەززە یان بۆ وڵاتانی دراوسێ، جەختیان کرد کە چارەسەرکرانی دادگەرانە و هەمیشەیی کێشە و شەڕی نێوان ڕژێمی زایۆنی و فەلەستین، تەنیا لە ڕێگای دیپلۆماسیانە و ئاشتیانەوە گونجاو دەبێ.