خۆپیشاندانی لایەنگرانی فەلەستین لە وڵاتانی جۆربەجۆر
خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە گەلی فەلەستین لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان بەڕێوەچوو.
ژمارەیەک لە لایەنگرانی فەلەستین لە شاری بۆستۆنی ئەمریکا لەبەردەم شوێنی وتاردانی جۆ بایدن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا خۆپیشاندانیان کردو خوازیاری دامەزرانی ئاگربەست لە غەززە بوون.
خۆپیشاندەران ئەدای بایدنیان لە مەڕ کۆنترۆڵ کردنی گرژییەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا دایەبەر ڕەخنەو داوای فشاری زیاتریان کرد بۆ دامەزرانی ئاگربەست.
دەیان کەس بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و پشتیوانی لە فەلەستین لە سویید دەستیان دایە خۆپیشاندان، خۆپیشاندەران وێڕای بەرز کردنەوەی ئاڵای فەلەستین دروشمی "ئازادی بۆ فەلەستین"یان هەڵ دا.
بە سەدان کەسیش لە شەقامەکانی برۆکسل بۆ پشتیوانی لە گەلی فەلەستین ڕێپێوانیان کرد. بەشداربووانی ئەم ڕێپێوانە ئاشتیخوازانەیە دروشمی "فەلەستین ڕزگار کەن"، "کۆتایی بە کۆمەڵکوژی بهێنن"یان وتەوە و داوای دامەزرانی ئاگربەست لە کەرتی غەززەیان کرد.
بەپێی دوایین ئاماری نووسینگەی ڕاگەیاندنی فەلەستین لە غەززە، لە سەرەتای دەستپێکرانی ئۆپەراسیۆنی باهۆزی ئەقسا لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، ژمارەی شەهیدانی فەلەستینی گەیشتووەتە ١٦ هەزار و ٢٤٨ کەس.