لێبووردنی نێودەوڵەتی: ڤیتۆکرانی بڕیارنامەی دامەزراندنی ئاگربڕی غەززە لە لایەن ئەمریکاوە ئیدانە دەکەین
ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڤیتۆکرانی بڕیارنامەی دامەزراندنی ئاگربڕی غەززە لە لایەن ئەمریکاوەی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند کە ئەوە کارێکی ناشیاوە کە لە باری ئەخلاقیشەوە پاساوهەڵنەگرە.
"ئەگنێس کالامارد" بەڕێوەبەری گشتیی لێبووردنی نێودەوڵەتی سەرلەبەیانی شەممە لە بەیاننامەیەکدا لە سەر ماڵپەڕی ئەم ڕێکخراویە، وتی کە ئەمریکا "کەمتەرخەمیی دڵڕەقانەی خۆی بەرامبەر بە ئێش و ئازاری خەڵکی مەدەنی" نیشاندا. ناوبراو وتیشی: ئەمریکا لەوپەڕی بێشەرمییەوە کەڵکی جەنگیی لە مافی ڤیتۆی خۆی وەرگرت و پێگە و توانای خۆی بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دابەزاند.
کالامارد جەختی کرد کە کەڵک وەرگرتنی ئەمریکا لە ڤیتۆکەی سەبارەت بەم بڕیارنامەیە لە باری ئەخلاقییەوە بەهیچ لەونێ پاساو نادرێتەوە.
بڕیارنامەی پێشنیاریی ئیمارت لە کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا خرایە بەر دەنگدان و لە ئاکامدا لە ١٥ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش، ١٣ دەنگی ئەرێنی، یەک ئەندام واتە ئەمریکا دەنگی نەرێنی و بەریتانیایش ئەندامی دیکەی ئەم ئەنجومە دەنگی بێلایەنیان پێدا.