کانونی دوھەم 01, 2024 09:30 Asia/Tehran

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە سەرباری پەسەندکرانی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی گەیاندنی یارمەتییەکان بە خەڵکی غەززە، ڕژێمی زایۆنی بەردەوامە لە پێشگری بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە خەڵکی لێقەوماو و ئاتاجی غەززە.

UNRWA، ئاژانسی فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: تەگەرەنانەوەکانی ڕژێمی زایۆنی و بەردەوام بوونی بۆردومانەکانی بووەتە هۆی برسێتییەکی نالەبار لەنێو خەڵکی غەززەدا. تۆماس وایت، بەڕێوەبەری نووسینگەی UNRWA لە غەززەیش وتی: ئێمە زۆر نیگەرانین. چوونکە کاتێک یارمەتییەکان دەگەنە سنووری ڕەفەح، هێرشە بەردەوامەکانی ئیسراییل ناهێڵی بگەنەدەستی خەڵکی غەززە. زۆر ئەستەمە دەستمان بگاتە خەڵک. لەبەر ئەوەی کە هەموو شتێک لە لۆرییەکانی هەڵگری خۆراکەوە تا  کامیۆنی زبڵ، بە ئاسانی دەکەونە بەر پەلامار و بۆردومانەکانی ئیسراییل. فرانچسکا ئەلبانزە، ڕاپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە فەلەستینیش وتی: ئەمریکا ئیمکانات و هاوکاریی سەربازیی بەربڵاو دەخاتە بەردەستی ئیسراییل و بە پشتیوانیی تۆکمە و تەواوی خۆی، ئیسراییل لە هەموو بەرپرسیارێتییە سیاسی و یاساییەکانی دەرباز دەکات. هەروا کە لە دوا بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشدا بینیمان کە ئەمریکا زۆر لاواز و بێمانای کرد و دیسان ڕێگری کرد لە دامەزرانی ئاگربڕ لە غەززە و بە تەواوەتی دەستی ئیسراییلی کردەوە بۆ ئەنجام دانی هەر تاوانێک.

سەرپەیڤ