ته‌مووز 27, 2024 20:46 Asia/Tehran

دوێنێ پرسی بارودۆخی شپرزەی کەرتی غەززە جارێکی دیکە خرایەنێو بەرنامەی کاری پانزە ئەندامی ئامادەی دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەو دانیشتنە کە لەسەر داوای ڕووسیا، چین و ئەلجەزاییر بۆ وتووێژ و بەمەبەستی ڕاگەیشتن بە شەڕی غەززەو دۆخی دڵتەزێنی خەڵکی غەززە بەڕێوە چوو، جارێکی دیکە بەهۆی پاڵپشتی لە رژێمی زایۆنیستی گۆڕدرا بۆ پرسی بەرەوڕووبوونەوەی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی دیکە.

لەکاتێکدا کە نوێنەرانی ڕووسیا، چین و ئەلجەزاییر لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی شپرزەبوونی بارودۆخ و بەردانەوەی پەنجا هەزار بۆمب بەسەر خەڵکی غەززە قسەیان کرد بەڵام ئەمریکا جارێکی دیکە داکۆکی کرد لە رژیمی زایۆنیستی . "واسیلی نێبێنزیا"ی باڵویز و نوێنەری ڕووسیا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایش، وتی: تائێستا زیاتر لە پەنجا هەزار بۆمب بەسەر دانیشتووانی کەرتی غەززەدا بەردراوەتەوەو ماڵ و خانووبەرەو ژێرخانەکانی ئەو ناوچە، وێران بووە. ئەوەی وا لە غەززە ڕوو دەدا، ژینۆسایدە کە ئیسرائیل دەیکا، جگە لە ڕەخنەوگازندەی باڵوێز و نوێنەری چین لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ داکۆکی لە رژێمی زایۆنیستی، "عەممار بن جامع"ی نوێنەری ئەلجەزاییر لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش وتی: سزادرانی بەکۆمەڵ، تاوانێکی جەنگییەو ئیسرائیل بەرپرسایەتی ڕەنج و مەینەت کێشانی قورسی خەڵکی غەززەی لە ئەستۆیە. 

لە بەرامبەر ئەو لێدوانانەو ناڕەزایەتیی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش بەرامبەر کردەوەی جەنایەتکارانەو نامرۆیانەی رژیمی زایۆنیستی لە غەززە، "رابرت وود"ی باڵوێز و یاریدەری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو دانیشتنەدا وێڕای داکۆکی لە ئیسرائیل وتی: حەماس دەتوانێ رەنج و مەینەت کێشان لە غەززە بە ڕەزامەندیی خۆی، بەئاگربڕ کۆتایی پێ بێنێ. جێی ئاماژەیە کە حەماس تائێستا چەندین جار ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەگەڵ ئاگربڕ لە شەڕی غەززە، لەکاتێکدا کە رژیمی زایۆنیستی بەبیانووی جۆربەجۆر خۆی بواردووە لە قەبووڵکردنی ئاگربڕ.

بەبڕوای شارەزایان، لەڕاستیدا ئەمریکا وەک هاوپەیمانی ستراتژیکی تەلاویڤ لە شەڕی غەززە بە داکۆکی لە رژیمی زایۆنی، هاوبەشی ڕاستەوخۆی جەنایەتەکانی تەلاویڤە دژ بە خەڵکی ستەملێکراوی غەززە.

سەرپەیڤ