وەزارەتی بەرەڤانیی ڕووسیا: ٥٨٠٠ ئەفسەر و سەربازی ئوکراینی کوژراون
وەزارەتی بەرەڤانیی ڕووسیا پێیداگرت کە لە دەسپێکی پەلاماری ئوکراین بۆ سەر ناوچەی کۆڕسک، ٥٨٠٠ ئەفسەر و سەربازی ئوکراینی کوژراون.
وەزارەتی بەرەڤانیی ڕووسیا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک هەندێ ڕێژە وئاماری سەبارەت بە هەڵمەتی تایبەتی سوپای ڕووسیا ڕاگەیاند. وەزارەتی بەرەڤانیی ڕووسیا وتیشی: هێزەکانی ڕووسیا هەوڵەکانی هێزی ئوکراینی بۆ پەلاماردانی چەن شارۆچکەیەکی ناوچەی کۆڕسکیان بەرپەرچ داوەتەوە. لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: لە بیست و چوار کاژێری ڕابردوودا لە شەڕەکانی ناوچەی کۆڕسکدا زیاتر لە سێسەد ئەفسەر و سەربازی ئوکراینی کوژراون و چواردە کەرەستەی جەنگیی ئوکراینیش تیابراون.
وەزارەتی بەرەڤانیی ڕووسیا ڕاشکاوانە رایگەیاند: ڕادەی زیانی هێزی ئوکراینی لە دەسپێکی پەلاماردانی کۆڕسکەوە گەیشتۆتە زیاتر لە پێنج هەزار و هەشسەد کوژراو، تیاچوونی حەفتا و دوو تانک، سێسەد و هەشتا و سێ زرێپۆش، پەنجا و هەشت ماشینی سەربازهەڵگر و یازدە سەکۆی چەنکارەی مووشەک. جگە لەوە وەزارەتی بەرەڤانیی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ڕووسیا شەوی رابردوو درۆنێکی جەنگیی ئوکراینیی لە ئاسمانی ناوچەی بێلگورووود خستۆتە خوارەوە.