ئه‌یلوول 11, 2024 22:24 Asia/Tehran

شەڕی ئیدیعایی ئەمریکا دژ بە ترۆریزم پاش ڕووداوی یازدەی سیپتەمبەر، زیاتر لە دوو دەیەیە کە جیهانی بەرەوڕووی شەپۆلێکی تاوان و جەنایەتی بێ سزادان کردووە.

٢٣ساڵ بەسەر ڕووداوی یازدەی سیپتەمبەر لە ئەمریکادا تێدەپەڕێ، ڕووداوێک کە ئاراستەی شەڕخوازی، زێدەخوازی و دەسوەردانەکانی ئەمریکای هەنگاوێک بردەپێش و بانگەشەی بەرەوڕووبوونەوەی ترۆریزمی خستەسەر پێڕستی دوور و درێژی بانگەشەکانی واشنگتۆن بەئامانجی سیاسی و سەربازی.

ئیدیعای بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزمی ئەمریکا کە پاش ڕووداوی١١ی سیپتەمبەر هاتەئاراوە، میراتی نگریس و شوێنهاتی مەرگهێنی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتەو ژمارێکی دیکە لە وڵاتانی جیهان لێکەوتەوە، میراتی ناوخۆیی یازدەی سیپتەمبەر، ڕەنج و مەینەتی یەکجار زۆری بۆ ئەمریکییەکان بەدیاری هێنا.

تەشەنای نەژادپەرستی، ئیسلام فۆبیاو دژایەتیی کردنی بیانی، چین و توێژی جۆراوجۆری شارومەندان و دانیشتووانی ئەمریکای خستەنێو پرۆسەیەکی ڕەنج و ئازاری بێکۆتایی و بنەماکانی هەڵاواردن و نایەکسانی لە بەستێنی مێژوویی ئەو قەیرانانەدا، پتەو کرد.

توندوتیژیی تاوپێدراو، ناڕێکی و بێ تەکوزیی و پاشاگەردانی، میراتی دیکەی یازدەی سیپتەمبەرە کە بەجاران ئەو وڵاتەی هەتا سنوری شەڕی ناوخۆ بەرەوپێش بردووە. شەڕی دژ بە ئەفغانستان، زووترین و خێراترین میراتی ڕووداوی یازدەی سیپتەمبەر بوو؛ شەڕی دژ بە عێراق، دووەم میراتی مەرگهێن بوو کە یازدەی سیپتەمبەر لەئاستی دەرەوەییدا بەدی هێناو ژمارێکی زۆر لە خەڵکی عێراقی کردە قوربانی، شەڕی یەمەنیش میراتی مەرگهێنی ڕووداوی یازدەی سیپتەمبەر بوو بەڵام گرینگترین میراتی رووداوی یازدەی سیپتەمبەر و شەڕی ئیدیعایی ئەمریکا دژ بە ترۆریزم، شەڕی یازدە مانگی ڕابردوو دژ بە غەززەیە. رژیمی زایۆنیستی لەسای ئیدیعای شەڕی دژ بە ترۆریزمی ئەمریکا، بێ ترس لە وەڵامدانەوەو بێ سزادران درێژە دەدا بە کۆمەڵکوژیی و کوشت و بڕی خەڵکی غەززە.