کەوتنەخواری فڕۆکەی موسافیرهەڵگر و کێشە و گرفتی سیاسی لە ئەمریکا
ڕووداوی کارەساتباری کەوتنەخواری فڕۆکەی موسافیرهەڵگر لە ئەمەریکا، بۆتە هۆی کێشە و بگرە و بەردەیەکی سیاسی بەربڵاو لە نێوان دوو پارتی دیموکرات و کۆماریخواز لە ویلایەتە گرتووەکانی ئەمریکادا.
ئەم قسە و باسانە تا ڕادەیەک پەرەی سەندووە کە "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمەریکا بانگەشەی کردووە حکوومەتی جۆ بایدن، ژمارەیەک کەسی گەمژەی کە لەبارەی مێشکەوە تەواو نین لەسەر پۆستە گرینگ و هەستیارەکان بە تایبەت لە ئیدارەی فڕۆکەوانیی فیدڕاڵ دامەزراندووە. ئیدارەی فڕۆکەوانیی فیدڕاڵی ئەمریکاش دەڵێ کە هۆکاری سەرەکیی ڕووداوی لێککەوتنی فڕۆکەی موسافیرهەڵگر و کۆپتەری سەربازی لە واشینگتۆن لەبەر کەمبوونی هێز و ستاف بووە و کۆنترۆڵی فڕۆکەکان و کۆنترۆڵی کۆپتەرە سەربازییەکان لە دەوروبەری مەیدانی ئاسمانی لە لایەن یەک کەسەوە ئەنجام دراوە. لە کاتێکدا کە ئەم ئەرکە دەبا دوو کەس بە دوو شێوازی جیاجیا و بە وردبینییەکی تەواوە ئەنجامیان دابایە.
ئێستا ئەم مەسەلە بۆتە هۆی ئەوەی کە لە لایەن دۆناڵد ترامپەوە تۆمەتگەلێکی تازە بخرێتە پاڵی حکوومەتی پێشووی ئەمریکا. ترەمپ لە پرێس کۆنفرانسێکدا وتوویەتی کە دیموکراتەکان سیاسەتەکانی خۆیان خستۆتە سەرووی بەرنامەکانیانەوە، هۆکاری سەرەکیی وەها ڕووداوێکیش بایەخنەدان بە خاڵە پیویستەکانی تایبەت بە پاراستنی گیانی خەڵک بووە. زۆر بوونی ڕووداوی فڕۆکەوانی لە ئەمریکا لە ماوەی چەن ڕۆژی ڕابردوو ئاسایشیی فڕۆکەوانیی ئەم وڵاتەی بەرەوڕووی پرسیارگەلێکی تووند کردۆتەوە.