وشداری نەتەوە یەکگرتووەکان لەحاند بەردەوامیی قاتوقڕی لە غەززە
بەرنامەی جیهانی خۆراکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی فریاگوزاری و کاردێتنەوە بۆ ئاوارە فەلەستینییەکان ناسراو بە ئانڕوا لە بەیاننامەگەلێکی جیاجیادا ڕایانگەیاندووە کە خەڵکی غەززە توانای دابینکردنی خۆراک و خواردنی خۆیان نییە، بەرەنگاربوونەوەی قاتوقڕی لە غەززە پێویستی بە کات و زەمانێکی دوور و درێژ دەبێت و خوازیاری کرانەوەی هەموو دەروازە سنوورییەکان بوون بە ڕووی ئەم ناوچە گەمارۆدراو و وێرانکراوە، بۆ ئەوەی خۆراکی پێویست بکەوێتە بەردەستی دانیشتووانی.
"عەبیر عەتیفە" وتەبێژی بەرنامەی جیهانی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: کۆنترۆڵکردنی قاتوقڕی کە لە دەستپێکی مانگی ئاگۆستەوە لە چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە بینراوە پێویستی بە کات و ساتێکی زیاتر دەبێ. ناوبراو وتیشی ئێمە ئێستاکە پێنج بنکەی بڵاوکردنەوەی خێرای یارمەتییەکانمان هەیە کە نزیکترن لە حەشیمەتی برسی و ئاتاج، ئامانجیشمان دانانی ١٤٥ بنکەیە و لەو کاتەوە کە ئاگربەس دەست پێ بووە بە شێوەی مامناوەندی ڕۆژانە نزیکەی ٥٦٠ تۆن خۆراکە هاتووەتە نێو غەززەوە ، بەڵام ئەم ڕادەیە هێشتا کەمتر لە ڕادەی پێویستی خەڵکی کەرتی غەززەیە . عەتیفە وتیشی: ئێمە خوازیاری کرانەوەی دەروازە سنوورییەکانی باکوورین بە ڕووی کەرتی غەززەوە، بۆ ئەوەی ڕێگا بکرێتەوە بۆ گەیشتنی یارمەتیی زیاتر بە کەرتی غەززە.
هەروەها ئاژانسی ئانڕوایش وشداری داوە لە حاند هەڵکشانی نرخی خۆراک و خواردن لە کەرتی غەززەدا، لەبەر تیاچوون و هەروەها دەستگرتنی ڕژێمی زایۆنی بە سەر بەشێکی زۆری زەوی و زارەکانی کشتوکاڵی ئەم ناوچەیە وڕاشیگەیاند کە نزیکەی هەر هەموو زەوییەکانی کشتوکاڵ لە کەرتی غەززە یان تیاچوون یان لەبەردەستدا نەماون و بنەماڵەکان هەروا بەبێ داهات ماونەتەوە. ئانڕوا ڕاشیگەیاند: خەڵک توانای کڕینی خۆراک و خواردن لە بازاڕیان نییە و یارمەتییەکان دەبێ خێرا بێنە نێو غەززەوە تا ئەوکاتەی ڕەوشی بەشی کشتوکاڵ باشتر دەبێ. ناوەندی ڕاگەیاندنی حکومەتی فەلەستین لە غەززییش ڕایگەیاندووە کە سوپای داگیرکەری زایۆنی زیاتر لە ٩٤%ی زەوی و زاری کشتوکاڵیی غەززەی تیابردووە و بارستای بەرهەمهێنانی لە ٤٠٥ هەزار تۆن لە ساڵدا دابەزاندووە بۆ نزیکەی ٢٨ هەزار تۆن و بەشی کشتوکاڵ بە هۆی دوو ساڵ جەنگی جینۆسایدی ڕژێمی زایۆنییەوە زەبریکی ٢.٨ ملیار دۆلاری لێکەوتووە.