کانونی دوھەم 25, 2026 17:15 Asia/Tehran

دوابەدوای هەستانەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری دوابەدوای کوژرانی ئەلێکس پریتی، پەرستارێکی بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی کۆنەسەربازانی مینیاپۆلیس، خۆپیشاندەرانی پۆرتلاند لە بەردەم بینای ئیدارەی کۆچبەری و گومرگی ئەمریکا کۆبوونەوە بۆ دەربڕینی توڕەیی خۆیان لەسەر ئەو ڕووداوە کوشندەیە.

لە درێژەی کاردانەوەکان بە کوژرانی خۆپیشاندەرێک لە ئەمریکا، ئەلێکس جێفری پریتی، شاروومەندی تەمەن ٣٧ ساڵ و پەرستاری چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی کۆنەسەربازانی مینیاپۆلیس،بە زەبری گوللەی هێزی فیدراڵەوە لە چوارچێوی ئۆپەراسیۆنێکی ئیدارەی کۆچبەری و گومرگی ئەمریکا (ICE) کوژرا. دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو کەسە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزی سنوورپارێز خۆی بواردووە لە جێبەجێ کردنی فەرمانی ئەو هێزانە، بەڵام ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن کە پریتی تەنها مۆبایلێکی بەدەستەوە بووە و پێدەچێت چووبێتە پێشەوە بۆ ئەوەی یارمەتی خۆپیشاندەرانی دیکە بدات. دوابەدوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، گاردی نیشتمانی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران چوونە ناو شاری مینیاپۆلیسەوە.

جاکۆب فرێی سەرۆکی شارەوانی مینیاپۆلیس ڕەخنەی لە کردەوەی هێزەکانی ئەمریکا گرت سەبارەت بە مامەڵەکردنی توندوتیژانەیان لەگەڵ خۆپیشاندەران و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی ترەمپ هێرشی کردووەتە سەر شارەکەمان. ئەم ڕووداوە کاردانەوەی بەرفراوانی لە سەرانسەری ئەمریکا بەدواوە بووە و هەزاران کەس لە مینیاپۆلیس، نیویۆرک، سانفرانسیسکۆ، واشینگتۆن دی سی و ناوچەکانی دیکە خۆپیشاندانیان کرد دژی بەکارهێنانی هێزی فیدراڵی و سیاسەتەکانی کۆچبەری. خۆپیشاندەران داوای لێپرسینەوەیان لە حکومەت کردووە و هەروەها ئەوەیش کە هەڵمەتەکانی دژەکۆچبەری ڕابگرێت و لێکۆڵینەوە لەو کوشت و کوشتارەی بکات کە بەم بیانووەوە ئەنجام دەبێ. هەر لەو پێوەندییەدا، بێرنی سەندێرز، سناتۆری دیموکراتی ئەمریکایش داوای کشانەوەی دەستبەجێی سەرجەم هێزی فیدراڵی لە ئیدارەی کۆچبەر و گومرگ  (ICE) و هێزی سنوورپارێز لە شاری مینیاپۆلیس و شارەکانی دیکەی کرد. سەندەرز ڕۆژی یەکشەممە وتی: "کوشتنی پەرستار ئەلێکساندەر پریتی لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی کۆنەسەربازانی، سێیەم تەقەکردنە لەلایەن هێزەکانی فیدراڵییەوە لە مینیاپۆلیس لەم مانگەدا. مەهێڵن ئەوانە بمرن. کامێلا هەریس جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکایش ڕووداوەکەی بە "شۆکهێنەر و ئازاردەر" وەسفکرد و بە توندی ڕەخنەی لێگرت. کامێلا هەریس وتیشی کە دوایین کردەوەی پەرستار پریتی پێش کوژرانی هەوڵدان بووە بۆ پاراستنی کۆمەڵگاکەی. دوابەدوای کوژرانی ئەم پەرستارە ناڕەزایەتییەکان لە مینیاپۆلیس و ژمارەیەک شاری دیکەی ئەمریکا بەردەوامن و بنەماڵەی پریتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە ئەو پەرستارێکی دڵسۆز و نەیاری توندوتیژی بووە و داوایان لە کاربەدەستانی وڵاتەکەیان کردووە ڕاستییەکانی ڕووداوەکە ڕوون بکەنەوە.

 

سەرپەیڤ