تەقینەوەی تیرۆریستی لە مزگەوتی شیعەكان لەپێتەختی پاکستان
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تەقینەوەیەکی تیرۆریستی لە مزگەوتی حەزرەتی خەدیجە (د.خ) لە ئیسلامئابادی پاكستان ڕووی دا . لەم تەقینەوە تیرۆریستیەدا زیاتر لە ٣٠ نوێژخوێن شەهید بوون و زیاتر لە ١٦٠ كەسی دیكەش بریندار بوون.
تەقینەوەکە لە کاتی نوێژدا ڕوویداوە و ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەنجامدەری تەقینەوەکە کەسێکی خۆکوژ بووە. عەلامە ناسر عەباس جەعفەری، سەرۆکی پارتی مەجلیسی یەكگرتووی موسوڵمانان و سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی سەنای پاکستان، کردەوەی تیرۆریستیی دژ بە نوێژخوێنانی شیعەی ئیدانە کرد و داوای کرد بەپەلە بەدواداچوون بکرێت لەلایەن حکومەت و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای شەرمەزار کردنی کردەوەی تیرۆریستی لە پاکستان و جەخت کردنەوە لەسەر هەڵوێستی بنەمایی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئیدانە كردنی توندی هەموو شێوە و دەرکەوتەکانی تیرۆر و توندوتیژی، وتی :بۆ پێشگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی نەگریسی تیرۆریزم هاوکاری و هەماهەنگیی هەموو وڵاتانی ناوچەکە و خەباتی بەردەوام دژ بە تاوانكاران و ڕێکخەران و لایەنگرانی تروڕیزم و دابینكەرانی دارایی ئەوان پێویستە .