تاوسەندنی کەم وێنەی گرژیی نێوان پاکستان و ئەفغانستان
وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان لەکاتێکدا باس لە بۆردومانی چەند ئامانجێک لە ناو خاکی پاکستانی کرد کە سەرچاوەیەکی سەربازیی پاکستانیش هەواڵی بەئامانج گرتنی بنکەیەکی سەرکردایەتی تالیبانی لە ئەفغانستاندا ڕاگەیاند.
دوابەدوای تەشەنای کەم وێنەی گرژیی نێوان ئەفغانستان و پاکستان، ئەفغانستان هێرشی کردەسەر پێگەو بنکە سەربازییەکانی پاکستان کە ئەوەش کاردانەوەی توندی پاکستانی لێکەوتەوە بە هەڵکوتانەسەر پێگەو بنکە سنوریەکان و کۆنترۆڵکردنی سەربازگەکان.
وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان رایگەیاند؛ پێگە سەربازییەکانی ناو پاکستان بۆ نمونە، چەند ئامانجێکی لە شاری فەیزاباد بۆردومان کردووە. لە بەیاننامەی وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستاندا هاتووە کە هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە چەند بنکەی سەربازیی پاکستانی لە نۆشار، جمرود وئەیبەت ئاباد بۆردومان کردووە. لەو ئۆپەراسیۆنەدا، بەدەیان چەکی سووک و قورس، تەقەمەنی و تفاق و کەرەستەی سەربازی لەلایەن هێزەکانی ئەفغانستانیەوە وەک غەنیمەت دەستی بەسەر داگیرا. "حەمدوڵڵا فیترەت" یاریدەری وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستانیش وتوویەتی: لە تێکهەڵچوون لەگەڵ سوپای پاکستان، پەنجاو پێنج سەربازی پاکستانی کوژران، نزیک بە ٢٠ بنکەی سەربازی دەستیان بەسەرداگیرکراو ژمارێکی زۆر کەرەستەو چەکئامیری دوژمن بە غەنیمەت گیراوە. سەرچاوەیەکی سەربازیی پاکستانیش ڕایگەیاند کە ناوەندی سەرکردایەتیی تالیبانی ئەفغانستان لە وەلایەتی لەغمان هەڵکەوتوو لە ناوەندی ئەفغانستانی کردۆتەئامانج. هێزە پاکستانییەکان لە هەڵمەتێکدا، چەند پێگەی تالیبانیان تێکشکاندووەو تائێستا ١٣٣ کەس لە ئەندامانی تالیبانی ئەفغانستان کوژراون و زیاتر لە ٢٠٠ کەسی دیکە بریندار بوون. بە تەشەنای گرژییەکان لە سنورەکانی پاکستان و ئەفغانستان، بەرپرسانی پاکستانی، دۆخی نائاسایی تەندروستی و پاکپارێزییان لە ناوچەی سنووریی"چەمەن" ڕاگەیاند. شیاوی ئاماژەیە کە پاکستان لە کردانەوە بە هێرشی بێ هۆی تالیبانی ئەفغانستان لە سنوورەکان، ئۆپەراسیۆنی "غەزەب للحەق"ی دەسپێکردووە.