پێداگریی عەبادی لەسەر گەڕانەوەی ئاوارە عێڕاقییەکان بۆسەر ماڵەکانیان پێش بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنەکان
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتووێژ لەگەڵ یاریدەری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری سیاسی پێی داگرت لەسەر ڕەخساندنی بارودۆخی گونجاو و هاندانی بەسەدان هەزار ئاوارە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان لە عێراق.
بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ دووشەممەی هەواڵدەریی فارس و بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پێشوازیی کردن لە میرۆسلاڤ جێنکا یاریدەری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری سیاسی لە بەغدا وتی: حکومەتەکەی سوورە لەسەر بوارخۆش کردن و ڕەخساندنی بارودۆخی شیاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچە ئاوەدانەکانیان بەر لە بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنەکان.
عەبادی لەو دیدارەدا جارێکی دیکە پێی داگرت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە کاتی دیاریکراوداو وتی: حکومەتی فدراڵی عێراق پێبەندە بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان لە کاتی دیاریکراودا.
یاریدەری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆکاروباری سیاسییش وتی: کۆمەڵگای جیهانی داکۆکی لە عێراق دەکاو بۆ بنیات نانەوەی ئەو وڵاتەو چەسپانی سەقام و ئاسایش تێیدا، لەگەڵ حکومەتی ئەو وڵاتە هاواهەنگیی هاوبەش ئەنجام دەدا.
بڕیارە هەڵبژاردنەکانی عێراق لە١٢ی مای٢٠١٨دا بەڕێوە بچێ.